لە ئوردون 9 هاوڵاتی سوری گیانیان لەدەستدا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمرۆ سێشەممە، 6ی حوزەیرانی 2023، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە پارێزگای مەفرەقە لە باکووری ئوردن، 9 کەس گیانیان لەدەستدا و 13 کەسی دیکەش برینداربوون کە سەرجەمیان سوورین.

گوتەبێژی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی ئوردون، لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕە فەرمی خۆیدا بڵاویکردۆتەوە، رایگەیاندووە، “رووداوەکە لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل بووە لە ناوچەی بادیەی باکوور”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمە تایبەتمەندەکان، فریاگوزاری سەرەتایی پێویست پێشکەش بە بریندارەکان دەکەن و دەیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکان، هەروەها مردووەکانیش بۆ نەخۆشخانەی بادیەی باکوور و نەخۆشخانەی سەربازی شا تەلال گواسترانەوە .

روونیشیکردەوە، بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە بۆ ئەوەی هۆکارەکانی بزانن.

لەمبارەیەوە سەرچاوە خۆجێیەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، “ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوونە سەرجەمیان پەنابەری سورین کە لە کەمپی زەعتەری لە پارێزگای مەفرەق نیشتەجێن”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، قوربانییەکان دوای گەڕانەوەیان لە کارەکانیان لە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگای مەفرەقە، لە باکووری وڵات، تووشی رووداوەکە بوون.