بەهۆی ئاگرکەوتنەوە 13  خوێندکاری کچ لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی دیمەشق برینداربوون

دیمەشق – نۆرس پرێس

لە ئەنجامی روودانی ئاگرکەوتنەوە لە یەکەیەکی بەشە ناوخۆییەکانی خوێندکارانی زانکۆی دیمەشق لە گەرەکی مەزە 13  کەس برینداربوون.

وەزارەتی ناوخۆی سوریا، لە راگەیەندراوێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، رایگەیاند، 13 خوێندکاری کچ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی دیمەشق لە گەرەکی مەزە تووشی هەناسەتەنگی بوون.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تیمەکانی بنکەی ئاگرکوژێنەوەی دیمەشق چوونەتە شوێنی ئاگرکەوتنەوە، توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەین و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی مواسات بیانگوازینەوە، ئێستاش بارودۆخی ئەو 13 خوێندکارە جێگیرە.

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان هۆکاری ئاگرکەوتنەوە شۆرتی کارەبایە، هێشتا لێکۆلینەوەکان بەردەوامن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مواسات بە ئاژانسی فەرمی حکومەتی سوریا سانا راگەیاندووە، “لە ئەنجامی ئەو ئاگرەی کە لە یەکێک لە یەکەکانی نیشتەجێبوونی زانکۆ لە مەزە کەوتەوە، 13 بریندار گەیشتووەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە کۆی حاڵەتەکان 12 بەهۆی هەڵمژینی دوکەڵ تووشی هەناسەتەنگی بوون، حاڵەتێکیش سووتاوی هەبووە و باری تەندروستی جێگیرە”.