لەماوی 24 کاتژمێردا 2 ئاگر لە گوندەواری حەسەکەی رۆژئاوا کەوتەوە
تەل تەمر – نۆرس پرێس
نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی حوزەیرانی 2023، ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی تەل کوران لە باشووری شارۆچکەی تەل تەمر لە باکووری حەسەکە کەوتەوە.
هاوسەرۆکی شارەوانی تەل تەمر، محەمەد باقی کوتی، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، ئاگرێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی تەل کوران باشووری شارۆچکەکە کەوتەوە، کە خاوەندارێتی بۆ ئەحمەد خدر عەتاڵا دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 5 دۆنم لە کۆی رووبەری زەویەکەی بە تەواوی سوتاوە، ئەمە جگە لەوەی زیانی ماددی بە دروێنەکەرەکە (دەراسە) کەوتووە کە کار لەسەر زەوییەکە دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە شۆرتی پاتری دروێنەکەرەکە بووە، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و بیکوژێننەوە پێش ئەوەی ئاگرەکە بگوازرێتەوە بۆ زەوییە دراوسێکانی.
هەروەها گوتی: “ئێوارەی دوێنێ، دووشەممە، ئاگر لە گوندی باب خەیر لە گوندەواری باکوری رۆژهەڵاتی تەل تەمر کەوتەوە، نزیکەی 10 دۆنم گەنم سووتاوە، خەڵکی گوندەکەش توانیان بەر لە گەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکە بیکوژێننەوە”.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە هۆکاری جیاجیا چەندین رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە زیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە.