لە جەزائیر بەلەمێکی کۆچبەران بە 25 سەرنشینی کوردەوە نقووم دەبێت  تەنها مێرمنداڵیک رزگاری دەبێت

کۆبانێ – نۆرس پرێس

لە ئەنجامی نوقمبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی نێوان جەزائیر و ئیسپانیا ژمارەیەک کۆچبەر گیانیان لەدەستدا، لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن، زۆربەیان خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانن.

بەلەمەکە لە کەناراوەکانی شاری ئەرهاتی سەر بە پارێزگای تیبازەی جەزائیری بەرەو ئیسپانیا بەڕێکەوتووە، دوای چەند کاتژمێرێک لە بەرێکەوتنی نقوم بووە، لە کۆی 25  سەرنیشان تەنها مێرمنداڵیک خەڵکی کۆبانێ رزگاری بووە.

محەمەد مەحموود رەشۆ، باوکی منداڵە رزگارکراو رایگەیاند، بەلەمەکە کاتژمێر دووی بەر بەیانی ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو بەڕێکەوتووە، دوای ئەوەی چوونەتە قووڵایی نزیکەی 30 کم بۆ نێو دەریاکە، نوقم بووە.

رەشۆ، رۆژی سێشەممە بە نۆرس پرێس رایگەیاند، مەحمودی کوڕەکەی (تەمەن 17 ساڵ) شەوی ڕابردوو، دووشەممە، لە ڕێگەی تەلەفۆنی یەکێک لە هێزە ئەمنیەکانی جەزائیرەوە پەیوەندی پێوەکردوون و پشتڕاستیکردەوە کە لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی جەزائیرەوە رزگارکراوە.

کوڕەکەی پێی گوتووە تەنها لەگەڵ گەنجێکی جەزائیری رزگاریان بووە، پێی راگەیاندووە کە بەلەمەکە سێ خێزانی کۆبانێ کە لە نێویاندا ژن و پیاو و منداڵ هەبوون و دوو گەنجی جەزائیری هەڵگرتووە.

رەشۆ ئاماژەی بەوەدا کە کوڕەکەی تاوەکو ئێستاش لای هێزە ئەمنیەکانی جەزائیرە، دوای ئەوەی پاسپۆرت و تەلەفۆنەکەی لە دەریادا لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆڕەکەی نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر گەیشتووەتە جەزائیر، بەو هیوایەی بچێتە ئەوروپا.

ناوبراو بانگەوازی لە ئیدارەی خۆسەر و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد کە هاوکاریان بکەن بۆ گەڕاندنەوەی کوڕەکەی بۆ کۆبانی.

لە مانگی ئازاری ڕابردوودا، 16 کۆچبەری سوری لە کەناراوەکانی لیبیا بەهۆی نوقمبوونی بەلەمەکەیان خنکان.