لە هەولێر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ژاپۆنی دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ژاپۆنی کرد کە لە کانسوکی ناگائۆکا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن و بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و فوتۆشی ماتسومۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق و نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان پێکهاتبوو.
بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی ژاپۆنی بۆ هەرێمی کوردستان نیشاندا و ئاماژەی بەوە دا کە ئەزموونی ناوازەی ژاپۆن، شایانی سوود لێ وەرگرتنە بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنان لە سامانی مرۆیی و پێگەیاندنی نەوەی نوێ لە سەر داهێنان و ئافراندن کە لەمبارەیەوە ، ئەزموونی ژاپۆن مایەی پێزانین و سەرسامییە و دەکرێ زۆر سوودبەخش بێت.
شاندی ژاپۆنی جەختیان لەوە کردەوە کە دەرفەتێکی زۆر هەیە بۆ گەشەپێدانی وەبەرهێنانی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ، لە ڕووی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەدا زۆر پێشکەوتووە.
لە کۆبوونەوەکەدا ، بیرو ڕا لە بارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەريمی کوردستان و ژاپۆن لە بوارەکانی گواستنەوە و گەیاندن و کشتوکاڵ و خوێندن و پیشەسازی ئاڵوگۆڕ کرا.