نرخی ئەمپێرەکانی کارەبای مۆلیدە لە ناوچەی جەزیرە بەرزکرایەوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
رۆژی سێشەممە، بەرێوەبەرایەتی ناوخۆیی لە ناوچەکانی جەزیرەی رۆژئاوای کوردستان، نرخی ئەمپێری کارەبای بۆ ئەو مۆلیدانەی کە بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر کاردەکەن، بۆ 9 هەزار لیرەی سوری بەرزکردەوە.
غەسان عابد، جێگری هاوسەرۆکی دەستەی کارگێڕی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، میکانیزمێکی نوێی کارکردنیان بۆ مۆلیدەکانی شارەکە داناوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم نرخە دوای لێکۆڵینەوەیەکی تەکنیکی دیاریکراوە.
ئەو بەرپرسەی بەرێوەبەرایەتی ناوخۆیی جەختی لەسەر پابەندبوون بە نرخەکانی کردەوە و داوایکرد هەر کاتێک خاوەن مۆلیدەیەک سەرپێچی لە نرخەکانی بکات ئەوا شارەوانی لێ ئاگاداربکەنەوە تا سزایان بدات.
بەپێی میکانیزمە نوێیەکە نرخی یەک ئەمپێر بۆ ئەو مۆلیدانەی کە نۆ کاتژمێر کاردەکەن 10 هەزار و 250 لیرەیە و 11 هەزار و 500 لیرە بۆ ئەو مۆلیدانەیە کە 10 کاتژمێر کاردەکەن، هەروەها 14 هەزار لیرەش بۆ ئەو مۆلیدانەی کە 12 کاتژمێر کاردەکەن.
لەکاتێکدا نرخی یەک ئەمپێر بۆ ئەو مۆلیدانەی کە ڕۆژانە 16 کاتژمێر کاردەکەن بووەتە 19 هەزار لیرە، ئەوانەشی کە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر کار دەکەن دەگاتە 29 هەزار لیرە.
سەرەڕای دانانی ئەم نرخانە و نرخەکانی پێشوو، دانیشتوانی قامشلۆ چەندین جار گلەیی ئەوەیان دەکرد، کە لە ڕێگەی ئەو راپۆرتانەی نۆرس پرێس کاری لەسەر کردووە، خاوەن مۆلیدەکان نرخیان بەرزکردووەتەوە، بەبێ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوونیان بۆ بکات.