سووتانی سێ کێڵگەی گەنم لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور

دێرەزوور – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، سێ ئاگری “سووتێنەر” سێ کێڵگەی گەنمیان لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی شاری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا لەناوبرد.

نەسیر ئەلعەلی، جووتیارێکی خەڵکی شاری هەجین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور بە نۆرس پرێسی رایگەیاند، دوو گەنج سێ کێڵگەی گەنمی جووتیارانی بنەماڵەی “ئەلخزەیرین”یان سووتاندووە، لە ناوچەی حاوی هەجین لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.

گوتیشی، هۆکاری سوتاندنی کێڵگەکان بۆ ناکۆکی نێوان دوو بنه ماڵەی خێڵەکانی “ئەلنەعیم” و “ئەلبوحردان” دەگەڕێتەوه، کە چەندین جار تەشەنەی سەندووە بۆ بەکارهێنانی چەک و بریندار لە هەردوولا کەوتوونەتەوە.

بەگوتەی ئەلعەلی، ئەو دوو گەنجەی گەنمەکەیان سووتاندووە چەکیان پێبووە، هەروەها رێگرییان لە دانیشتوانی نزیک بە ناوچەکە کردبوو کە وێنەی بگرن و نەشیانهێشتووە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگرەکە بکوژێننەوە، تا ئەو کاتەی ئاگرەکە بەتەواوی کێڵگەکانی گەنمەکەی سووتاندووە.

دوای چەند کاتژمێرێک لە سووتانی کێڵگەکان، شێخ و کەسایەتییە دیارەکانی خێڵ و هێزە سەربازییەکان دەستوەردانیان کرد بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوانیان لە رێگەی لێبوردەیی و سازان لە یەکێک لە مزگەوتەکانی شارۆچکەکە لە هەمان شارۆچکە.

ئامادەکردنی: ماهر مستەفا – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان