رۆژهەڵاتی کوردستان.. کۆڵبەرێکی گەنج بە دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی ئێران گیانیلەدەستدا

هەولێر – نۆرس پرێس

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، لە سنوری شاری بانەی رۆژھەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێکی گەنج بە دەستڕێژی گولـلەی ھێزەکانی سنوری کۆماری ئیسلامی ئێران برینداربوو و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

قوربانییە گەنجەکە ناوی “ھۆشیار حەسەنزادە”یە و تەمەنی 20 ساڵ بووە، ئەو گەنجە لەگەڵ ژمارەیەک کۆڵبەری دیکەدا لە سنوری ناوچەی “زلە” لە بانە لە لایەن هێزەکانی سنووری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستڕێژی گولـلەیان لێکراوە.

لە راپۆرتەکەی رێکخراوی هەنگاودا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە سەرەتا لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەکانەوە “ھۆشیار حەسەنزادە” بە سەختی برینداربووە و بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیووبی شاری بانە گوازراوەتەوە، دواتریش بەھۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست داوە.