لەیادی کۆمەڵکوژیەکەی شەنگالدا.. جەخت لە جێبەجێکردنی رێکەوتنی شەنگال دەکرێتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی هەشت ساڵەی کۆمەڵکوژیی شنگالدا کە لە قەزای سێمێل، پارێزگای دهۆک پێشکەش کرا، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، هەرچی لەدەستیان بێت بۆ رزگارکردن و پاراستنی کوردانی ئێزدی دەیکەن و گوتیشی، “ئەوەی لە شنگال روویدا گەورەترین کارەساتی سەردەم بوو.”
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی لەوە کرد، لە چەند رۆژێکدا بە هەزاران کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژکران و نابێت کارەساتی شنگال دووبارە ببێتەوە، گوتیشی، “دەبێ هەوڵبدەین کاریگەری ئەو کارەساتە کەمبکەینەوە.”
لە بەشێک لە وتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێم رایگەیاند ” هەر لە رۆژی یەکەمی ئەو کارەساتەوە بەڵێنماندا چی لەدەستمان بێت دەیکەین بۆ پاراستن و مانەوەی ئێزدییەکان، سەرباری کۆمەڵکوژی و وێرانکردنی شنگال، بەڵام رفاندن و کڕین و فرۆشتنی خوشک و دایکی ئێزدییەکان زیاتر لە هەر شتێکی دیکە دڵی ئێزدییەکان و هەموو کوردستانیانی بریندارکرد. ئەمە تاوەکو ئێستا بۆ هەموومان برینێکی کراوەیە و بە ئاسانیش لەبیر ناکرێت. هەر ئەوکات نووسینگەیەکمان بۆ رزگارکردنی رفێندراوان کردەوە، تاوەکو ئێستا توانیویانە سێ هەزار 554 ژن و پیاو و منداڵ رزگار بکەن.
بەڵێنمان داوە تاوەکو ژنێک، پیاوێک یان منداڵێکی رفێندراو مابێت بەردەوام دەبین، ئەمە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە و کەمتریش شتە ئەوەی لەدەستمان بێت بەرامبەر بە میللـەتی خۆمان و بەرامبەر خوشک و برا ئێزدییەکانمان بکەین، ئەمە ئەرکی ئێمەیە و هیچ منەتێکی تێدا نییە.”
هەروەک مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە پەیامەکەیدا کە بەبۆنەی هەشت ساڵەی کۆمەڵکوژیی شنگال بڵاویکردەوە، گوتی، بە خەمێکی قوڵەوە یادی جینۆسایکردنی خوشک و برایانی کوردانی ئێزدی دەکەنەوە کە لەسەر دەستی “تیرۆریستانی” داعش هەزاران کەس “شەهید و بێشەروشوێن بوون.”
مەسرور بارزانی دەڵێت، ئەو تاوانە لەبیر ناکرێت کە “ویژدانی مرۆڤایەتیی و گەلی کوردستانی هەژاند و پێویستە بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت ئەو کۆمەڵکوژیی و تاوانە دووبارە ببێتەوە.”
مەسرور بارزانی هەروەها باس لەوەش دەکات کە بەهۆی “خۆسەپاندنی گرووپە چەکدارییەکان” تاوەکو ئێستا شنگال ناوچەیەکی نائارامە و خەڵکی سنوورەکە ئاوارەن و ناتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە داکۆکیی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی سنوورەکە دەکاتەوە.
لە لایەکی تریشەوە، ئالینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە هەژماری خۆی لە تویتەر بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت “ئەمڕۆ دەچینە پاڵ کۆمەڵگەی ئێزدی لە یادکردنەوەی ئەوانەی بێسەروشوێن بوون و ئەوانەشی لە جینۆسایدەکەی داعش رزگاریان بوو.”
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا باڵیۆز ئالینا دەڵێت، “پابەندی خۆمان دووپاتدەکەینەوە بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە داعش هەرگیز جارێکی دیکە ئایدۆلۆژیا پڕ لە رق و کینەکەی دووبارە ناسەپێنێتەوە و داواش لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێککەونی شنگال و یاسای ئێزدییە رزگاربووەکان جێبەجێ بکەن.”
رۆژی 10-10-2020 حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال رێککەوتنێکیان واژۆکرد، سەرەڕای داوای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە.