کردنەوەی دووهەمین پێشانگای گوڵی سرووشتی لە کۆبانێ

کۆبانێ – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، بەرێوەبەرایەتی ژینگە لە دەڤەری فورات، کە سەر بە بەڕێوبەرێتی خۆسەرییە، دووهەمین پێشانگای گوڵی سروشتی لە ژێر دروشمی “گوڵ جوانی ماڵە” کردەوە، هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانی ژینگە کە دەکەوێتە پێنجی حوزەیرانی هەرساڵێکەوە.

ئامینە ویسۆ، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ژینگە لە دەڤەری فورات، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “پێشانگاکە لە پێنج و شەشی حوزەیران بەردەوام دەبێت، لە دوو قۆناغدا، بەیانیان و ئێواران”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لەو پێشانگایە دامەزراندنی چالاکییەکی ژینگەپارێزییە بۆ ناساندنی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ژینگە لەلایەک، هەروەها هاندانی هاووڵاتیان بۆ کڕینی جۆری نوێی گوڵەکان کە لە پێشانگاکەدا بوونیان هەیە.

ویسۆ ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی گوڵەکان لەناو پێشانگاکەدا بەبەراورد لەگەڵ نرخی نەمامگە تایبەتەکاندا زۆر کەمە و بە رەمزی دادەنرێت، گوتیشی، نرخی گوڵەکان لە سێ هەزار لیرەوە بۆ پەنجا هەزار لیرەی سورین، بەپێی جۆری گوڵەکە.

ویسۆ ئاماژەی بەوەدا،  زۆربەی گوڵەکانی ناو پێشانگاکە گوڵی وەرزین، کە جۆرە جیاوازەکانی “سالۆن، کاکتی و شەربەتی” لەخۆدەگرن.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی گوڵەکان لەناو نەمامگەی “مشتە نور”ی بەڕێوبەرایەتی ژینگەدا بەبەرهەم هاتوون، گوتیشی ئەوان نزیکەی شەش مانگە ئامادەکاری بۆ ئەم پێشانگایە دەکەن.

جێگای سەرنجە کە یەکەمین پێشانگای گوڵ لە شاری کۆبانی لە مانگی ئایاری 2021 بەڕێوەچوو.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی