پارتێکی سوری: هەر دیالۆگێک لە نێوان خۆسەری و دیمەشقدا دەبێت بنەما سەرەکیەکانی تێدا رەچاو بکرێت

رەققە – نۆرس پرێس

دوێنێ، بەرپرسێکی پارتی سوریای ئایندە لە شاری ڕەققە لە باکووری سووریا ڕایگەیاند: لە داهاتوودا هەر دیالۆگێک لە نێوان بەڕێوبەری خۆسەری و حکوومەتی دیمەشقدا دەبێت پابەند بێت بە بنەما سەرەکیەکانەوە.

هاوکات بە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ لەشکرکێشییەکی نوێ بۆ سەر خاکی سوریا، باسکردن لە پێویستی گەیشتن بە لێک تێگەیشتنێک لە نێوان بەڕێوبەری خۆسەر و حکومەتی دیمەشقدا زیادی کردووە.

موەفه‌ق ئەلئه‌حمه‌د، گوته‌بێژی فه‌رمی پارتی سووریای ئایینده‌، پێیوابوو “تایبه‌تمەندی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و دانپێدانان بە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ردا،  لەو بنەمایانەن كه‌ دەبێت دیمه‌شق  دانیان پێدا بنێت و لە دەستووری داهاتووی سووریادا تۆمار بکرێت.”

لە بیست و نۆی تەمموزی رابردوودا، میدیاکان باسیان لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سیاسی لە نێوان حکومەتی سوریا  و ئەنجومەنی سوریای دیموکراتدا کرد، بەڵام بەڕێوبەری خۆسەر ئەم دەنگۆیانەی رەتکردەوە.

لە لێدوانەکەیدا بۆ نۆرس پرێس، گوتەبێژەکەی سوریای ئایندە ئاماژەی بەوەشکرد، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان پێشوازی لە هەر هەنگاوێک دەکەن بەرەو دیالۆگی سیاسی لە نێوان گەلی سوریادا، کە بڕیارە ببێتە هۆی چارەسەرێکی هەمیشەیی و هەمەلایەنە بۆ سیستەمی حکومەتێکی لامەرکەزی و فرەیی و دیموکراسی.

و پێی وابوو کە بەڕێوبەری خۆسەر مافی خۆیەتی پابەند بێت بەو بنەمایانەیەوە و بەرگریان لێبکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەوە هەسەدە بوو شەڕی “تیرۆر”ی کرد و ناوچەکانی لە دەستی داعش رزگار کرد.