بلینکن: ئێران گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل و نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران وەک گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل دەمێنێتەوە و ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو بژاردەکان بۆ ئەوە لەسەر مێزی گفتوگۆن.
بلینکن لە گوتارێکدا بۆ رێکخراوی “ئایپاک” ئاماژەی بەوەکرد کە “سیستەمی بەرگری لە ئیسرائیل پەرەی پێدەدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، ئێمەش بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ یەکگرتنی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا”، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئاسایشی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات.
بلینکن ئاماژەی بەوەدا کە چارەسەری دوو دەوڵەتی پێویستە بۆ پاراستنی ناسنامەی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی دیموکراسی، داوای کەمکردنەوەی پەرەسەندن و بەهێزکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان و باشترکردنی ژیان بۆ گەلی فەلەستین کرد.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “ئەمریکا بەرژەوەندییەکی راستەقینەی ئاسایشی نەتەوەیی هەیە لە دامەزراندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە، دەتوانین و دەبێت رۆڵی تەواو ببینین لە هەنگاونان بۆ پێشەوە لەسەر ئەم پرسە”.
رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، ئەمڕۆ دووشەممە، لەمیانی دیدارێک لەگەڵ نوێنەرانی 35 وڵات کە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمین، ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی سێ مانگدا کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران زیاتر لە چارەکێک بەرزبووەتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە ئێران لە چەند مانگی رابردوودا کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە.
ئاژانسەکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە “یۆرانیۆمی پیتێنراو لەلایەن ئێرانەوە زیاتر لە 23 هێندەی ئەو سنوورەی تێپەڕاندووە کە بەپێی رێککەوتنی ساڵی 2015ی نێوان تاران و وڵاتە زلهێزەکان رێگەی پێدراوە، بەمەش کۆی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە 13ی ئایاردا بە مەزەندەکردنی 4744.5 کیلۆگرام بەرزبووەتەوە”. ، لە لە کاتێکدا بڕی رێگەپێدراو لە ڕێککەوتنەکەدا 202.8کیلۆگرامە.