سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جێسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و سوید کرا.

سەبارەت بە پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی و پێویستی ڕێزگرتن لە ڕێککەوتننەکانی نێوان هەردوولا و دابینکردنی ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە پێویستە هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا بکرێت.

باڵیۆزی سوید ئاماژەی بەوە دا کە سەڕەڕای گرفت و ئاستەنگەکان ، بەڵام خۆشبەختانە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و هەولێر بەتایبەتی بەردەوامە.

باشترکردنی دۆخی ئافرەتانی کوردستان و گرنگی ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتان لە کایە جۆراجۆرەکاندا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.