هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دوشەممە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، پلانەکەی بۆ راگرتنی هاتنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە بەلەمی بچوک، پەڕینەوەکانی بە ڕێژەی 20% کەمکردوەتەوە، هیوادارە رەخنەکان لە پارتەکەی لەسەر سیاسەتی کۆچبەری کەمبکاتەوە.
ریشی سەناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە چاوەڕوان دەکرێت ساڵی داهاتوو سەرکردایەتی پارتی پارێزگارانی حوکمڕان بکات بۆ هەڵبژاردنێکی نیشتمانی، بەڵێنیداوە بەلەمەکانی کۆچبەران بوەستێنێت وەک یەکێک لە پێنج بەڵێنەکانی دوای ئەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردودا پاڵنەری بۆ دەسەڵات بو، بەڵام لەلایەن ئەندامانی پارتەکەی خۆی و جەماوەرەوە رەخنەی زۆری لێگیراوە، کە کاری پێویستی نەکردوە، خەڵک ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە نیشتەجێکردنی کۆچبەران لە هۆتێلەکاندا دوای ئەوەی ساڵی ڕابردو ژمارەیەکی پێوانەیی گەیشتنە بریتانیا.
ریشی سەناک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە باشوری ئینگلتەرا وتی، لە ماوەی پێنج مانگدا کە پلانەکەم دەستپێکردووە، ئێستا پەڕینەوەکان(لەسەرانسەری کەناڵی ئینگلیزی)بە بەراورد بە ساڵی رابردو بە رێژەی 20% دابەزیوە.
وتیشی، پلانەکە کاردەکات، ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتەکەی زۆر کاردەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە دەرکردنی یاسایەکی نوێ لە پەرلەمان پەیوەست بە کۆچبەران.
سەرۆک وەزیران هەروەها دەڵێت، رێککەوتن لەگەڵ ئەلبانیا بەومانایە بووە کە بەریتانیا کۆچبەرانی زیاتر بۆ وڵاتەکە دەگەڕێنێتەوە، دەشڵێت، لە ماوەی تەنها شەش مانگدا هەزار و 800 کەسمان گەڕاندوەتەوە بۆ ئەلبانیا، ئەوە سەرەڕای ئەوەی لەمساڵدا ژمارەی هاتنی بەلەمی بچوکی ئەلبانی نزیکەی 90% دابەزیوە.