عێراق و پاکستان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە لێخۆشبونی پاسپۆرتی دیپلۆماسی واژۆکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و پاکستان کۆبونەوە و یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە لێخۆشبونی رسوماتی ڤیزای چونە ژورەوە بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی واژۆکرد.

ئەمڕۆ دوشەممە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لە بیلاوال بوتۆ زەرداری، هاوتا پاکستانییەکەی کرد، بەگوێرەی وتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان سەبارەت بە لێخۆشبونی خاوەن پاسپۆرتی دیپلۆماسی لە ڤیزەی چونە ژورەوە واژۆ کردوە، یاداشتێکی دیکە هەیە کە لەگەڵ وەزیری ڕۆشنبیری عێراق واژۆ دەکرێت سەبارەت بە هاوکاریی ڕۆشنبیری نێوان هەردو وڵات.

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ پاکستان بەهێزن، ئێمەش دەست بە ڕاوێژکاری سیاسی لەگەڵ پاکستان دەکەین، جەختی لەسەر بەردەوامیی هاوکارییە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە و چاوەڕوانی پەیوەندییە بەهێزەکانی داهاتو لەگەڵ پاکستان دەکەن.

ئەوەشی خستوەتەڕو، بڕیاردراوە لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرزی پاکستان لەسەر عێراق پێکبهێنرێت.

لە بەرامبەردا بیلاوال بوتۆ، زەرداری وەزیری دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، سەردانەکەم بۆ بەغدا ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانە و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کردنەوەی سەنتەری میوانان لە شاری پیرۆزی کەربەلا دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق و پاکستان بەشدارییان لە پاڵپشتیکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە عێراق دۆستێکی ڕاستەقینەی ئێمەیە، منیش خۆم بە کوڕی عێراق دەزانم.

وەزیری دەرەوەی پاکستان وتیشی، یاداشتێکی دیکە هەیە کە لەگەڵ وەزیری ڕۆشنبیری عێراق واژۆ دەکرێت سەبارەت بە هاوکاریی ڕۆشنبیری نێوان هەردو وڵات.