پاش هەڵبژاردنەکانی تورکیا.. یەکەم کۆبوونەوەی چوارقۆڵی دەربارەی سوریا لە ئەستانە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوە ئاگادارەکان لە مۆسکۆ بە میدیا ناوخۆییەکانیان راگەیاند، کۆبوونەوەی چوارقۆڵی سەبارەت بە سوریا لەم مانگەدا، لەسەر ئاستی جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی سوریا، رووسیا، ئێران و تورکیا، لە پایتەختی کازاخستان، ئەستانە، بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوەکان لە زاری رۆژنامەی نیمچە فەرمیی “ئەلوەتەن”ەوە رایانگەیاندووە کە کۆبوونەوەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی رێڕەوی ئەستانەدا بەڕێوەدەچێت کە بڕیارە لە 20 – 21ی حوزەیران بەڕێوەبچێت.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، بریکاری وەزیری دەرەوە ، ئەیمەن سوسان، نوێنەرایەتی لایەنی سوریا دەکات لەم کۆبوونەوەیەدا، کە بە پشتبەستن بە دەرئەنجامەکانی دوایین کۆبوونەوەی چوارقۆڵی لە سەر ئاستی وەزاری دێت.
دوێنێ یەکشەممە، بەڕێوبەری دۆسیەی سوریا لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، کۆرهان قراقوش، بە کەناڵی “ئەلمەیادین”ی راگەیاند، گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی چوار قۆڵیدا بە سەرپەرشتی مۆسکۆ، “یەکلاکەرەوە دەبێت لە گەیشتن بە ئەنجامێکی کۆتایی لە سوریا”.
پێشتر مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی داوە کە ئەرکی ئامادەکردنی نەخشەڕێگا و پلانی کارکردنی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا پێسپێردراوە.
بەهەمان شێوە، وەزیری دەرەوەی سوریا، فەیسەڵ ئەلمیقداد، پێشتر لە لێدوانە رۆژنامەوانییەکاندا ئاشکرای کردبوو، لە میانی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکانی ئەم دواییەدا گفتوگۆی قووڵ و هەندێکجاریش توند هەبووە، بەو پێیەی شاندی سوریا هەموو ئاماژەکانی بۆ ئاساییکردنەوە لە دۆسیەی کۆبوونەوەکاندا سڕیوەتەوە.
ئەلمیقداد گوتیشی: “ئاساییکردنەوە تەنها کاتێک روودەدات کە تورکیا سەرجەم هێزەکانی لە سوریا کشاندبێتەوە”.