سەبارەت بە هەڕەشەکانی تورکیا.. کۆبوونەوەی بەڕێوبەری خۆسەر و ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا لە پاریس

قامیشلۆ- نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا، پیێر لۆران، رایگەیاند، پێویستە رێگری لە هەر هێرشێک بکرێت بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سوریا، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی کارەساتی مرۆیی و تەنها سوودی بۆ رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەبێت.

ئەمەش لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، بە ئامادەبوونی هەریەکە لە عەبدولکەریم عومەر، هاوسەرۆکی بازنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، هەروەها عەبدولسەلام مستەفا، نوێنەری بەڕێوبەری خۆسەر لە ئەوروپا، و خالد عیسا نوێنەری خۆسەری لە فەرەنسا.

شاندی خۆسەری سوپاسی ئەو دەستپێشخەرییەیان کرد کە سەد پەرلەمانتار و ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی فەرەنسا پێشکەشیان کردووە، هەروەها داوایان کردوە گەمارۆی ئاسمانی بۆ سەر باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، بسەپێنرێت، بۆ پاراستنی لە هەڕەشەکانی تورکیا.

لە بەرامبەردا لۆران پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەربڕی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کە بە “بەرگری لە مرۆڤایەتی” ناوی برد.