گروپێکی سەر بە تورکیا 30 درەختی زەیتوون لە گوندەواری عەفرین لە رەگەوە هەڵدەکێشێت

عەفرین  – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، ئەندامانی گروپێکی لایەنگری تورکیا ژمارەیەک درەختی زەیتونیان لە نزیک یەکێک لە بازگەکانی قەزای راجو لە گوندەواری عەفرینی داگیرکراو لە رەگەوە هەڵکێشا.

سەرچاوە خۆجێییەکان لە ناوچەکەوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، ئەندامانی گروپی “سوڵتان موراد” لە دەوروبەری یەکێک لە بازگەکانیان لەسەر رێگای نێوان گوندی حاج خەلیل و ناوەندی ناحیەی راجو، لەوپەڕی باکووری رۆژئاوای شاری عەفرینەوە نزیکەی 30 درەختی زەیتوونیان لە رەگەوە هەڵکێشاوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو چەکدارانە رایانگەیاندووە، ئامانج لە هەڵکێشانی درەختەکان فراوانکردنی بازگەکەیان و حەوشەکەیەتی، ئەمەش سێیەمجارە بە بیانووی فراوانکردنی بازگەکەیان درەختەکانی نزیک بە بازگەکە لەڕەگەوە هەڵدەکێشن.

لە ناوەڕاستی مانگی رابردوودا، ئەندامانی گروپی “سوڵتان سلێمان شا – ئەلعەمشات “، زیاتر لە 60 درەختی زەیتون و گوێزیان لە قەزای شێخ حەدید لە باکووری رۆژئاوای عەفرین لە ڕەگەوە هەڵکێشا و هەڕەشەیان لە خاوەنەکانیان کرد کاتێک ویستیان ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بەو کارانەیان.

ئامادەکردنی: موئەیەد ئەلشێخ – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد