لە کاردانەوەی کوشتنی زەواهیریدا.. نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن لە هێرشی تیرۆریستی
هەولێر- نۆرس پرێس
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا درەنگانی ئێوارەی سێشەممە هۆشداری دا لە ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی قاعیدە و لایەنگرانی دوای کوژرانی سەرۆکی ڕێکخراوەکە بە هێرشێکی مووشەکی ئەمریکا لە پایتەختی ئەفغانستان، سەرەتای ئەم هەفتەیە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێیانوایە “ئەگەری زیاتری کردەوەی توندوتیژی دژی ئەمریکا هەیە بە لەبەرچاوگرتنی کوژرانی ئەیمەن زەواهیری لە ٣١ی تەمموزی ٢٠٢٢”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیارییەکانی ئێستا ئەوە دەڵێن کە “ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بەردەوامن لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە چەندین ناوچەی جیهاندا”.
بەو پێیەی زۆرجار هێرشەکان بەبێ ئاگادارکردنەوە ڕوودەدەن، بە وتەی وەزارەتەکە، “بە توندی” داوا لە هاوڵاتیانی دەکات “ئاستێکی بەرزی وریایی بپارێزن و هۆشیارییەکی باشیان هەبێت لەکاتی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات”.
بەپێی راپۆرتە ئەمریکییەکان، زەواهیری سەرلەبەیانی یەکشەممەی پێشوو لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان کوژراوە، کاتێک کە لە باڵکۆنی ماڵەکەی و بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و بە مووشەکی هێلفایەر کراوەتە ئامانج و کوژراوە.
واشنتۆن ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا چەند مانگێکی خایاندووە لە کاری هەواڵگری بۆ چاودێری کردنی خێزانەکەی لە گەڕانەوە بۆ کابول و دەستنیشانکردنی ئامانجەکە.
ئەلزەواهیری لەدایکبووی میسر، تەمەن 71 ساڵ، دوای کوژرانی ئوسامە بن لادن، دامەزرێنەری رێکخراوەکە، کە لە ساڵی 2011 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە پاکستان کوژرا، سەرکردایەتی قاعیدەی گرتە ئەستۆ.
لە لێدوانەکانیدا شەوی دووشەممە لە کۆشکی سپی، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ئەلزەواهیری بە یاریزانێکی کاریگەر لە پلاندانان بۆ هێرشەکانی 11ی ئەیلول بۆ سەر ئەمریکا و بە “عەقڵی پلاندانەر” لە پشت چەندین هێرشەوە دژی ئەمریکییەکان، وەسف کرد، لەنێویاندا بۆردومانەکانی ساڵی 1998ی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە کینیا و تانزانیا و یو ئێس ئێس کۆڵ ساڵی ٢٠٠٠.
بایدن وتی: ” دوای ساڵێک له کشانهوه پڕ پشێویەکەی هێزهکانی ئهمریکا لهو وڵاته، ئهم گورزە ئهوه نیشان دهدات که ئهمریکا پابهنده به ڕێگرتن لەوەی ئهفغانستان جارێکی تر ببێته پهناگهی گرووپه تیرۆریستییهکان”
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکیدا دوێنێ سێشەممە ڕایگەیاندبوو کە تاڵیبان “بە ئاشکرا” ڕێکەوتنی دۆحەی پێشێل کردووە بە میوانداریکردن و داڵدەدانی سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدە ئەیمەن زەواهیری، بەڵام لە بەرامبەردا حکومەتی تاڵیبان ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەمریکای بە پێشێلکردنی رێکەوتننامەکە ناوبردووە.