دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی یەکشەممە، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی دیمەشق – حەلەب لە مەفرەقی مەعردبسە لە گوندەوارەکانی باشووری ئیدلیب ژنێک و سێ منداڵەکەی گیانیان لە دەستدا.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هەواڵێک گەیشتە پۆلیسی ڕێگاوبانی گشتی لە سەراقیب کە ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای نێودەوڵەتی دیمەشق- حەلەب لە مەعردبسە ڕوویداوە. ڕاستەوخۆ پۆلیس گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لە کاتی گەیشتنی پۆلیس دەرکەوتووە کە ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی کیا سیراتۆ لە ڕێگاکەدا خۆی بە درەختێکدا کێشاوە و بە تەواوی سووتاوە، هەروەها لە ناو ئۆتومبێلەکەدا ژنێک و دوو منداڵ گیانیان لەدەستداو منداڵێکیش برینداربووە دوای گوستنەوەی بۆ نەخوشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تەرمی کوژراوەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی حەلەب، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە هۆکاری ڕووداوەکە خێراییەکی زۆر بووە، هەروەها لێکۆڵینەوەکان تا ئێستا بەردەوامن بۆ زانینی هۆکارەکانی تری ڕووداوەکە.