لە حەسەکە لە یادی هەشت ساڵەی جینۆسایدی ئێزیدیاندا شانۆگەریەک نمایش کرا

هەولێر- نۆرس پرێس

دوێنێ لە یادی هەشت ساڵەی جینۆسایدی ئێزیدیەکانی شەنگال لە سەر دەستی رەشی داعش، شانۆگەریەک لە ماڵی ئێزیدی لە گوندی بارزان، شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، نمایش کرا.

لەمبارەیەوە نالین رەشۆ، ئەندامی ماڵی ئێزیدی لە شاری حەسەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند وت، ” وەکو دەزانن ئەمڕۆ یادی فەرمانی ئێزیدەکانی شەنگالە کە لە 3ی ئابی ساڵی 2014 دا ئەنجامدرا، ئەوە رۆژێکی رەشە بۆ ئێمە، رۆژێک کە ویژدان ومرۆڤایەتی تێدا کوژرا، ئێمە زۆر دڵگرانین بەم رۆژە.”

نالین دەربارەی شانۆگەریەکە بە نۆرس پرێسی وت کە ئەوان وەک گەنجانی ماڵی ئێزیدی هەستاون بە ئەنجامدانی شانۆگەریەک، شانۆکەیان باس لەوە دەکات کە چۆن داعش هێرشیان کردوەتە سەر شەنگال و کچانی ئێزیدی دەڕفێنن و ئێزیدیەکان شەهید دەکەن.

هەروەک نالین وتی ” شانۆگەریەکە باس لەوەش دەکات کە چۆن شەڕەڤانەکانمان دێن و بەرگریان لێ دەکەن و رزگاریان دەکەن، ئەمڕۆ ئەم شانۆگەریەمان نمایش کرد و سوپاس بۆ خوا سەرکەوتوو بووین و شانۆگەریەکە پێشوازیەکی باشی لێکرا و پێمان خۆش بوو لەم رێگەوە هەست و سۆزی و ئازارەکانمان پیشانی جیهان بدەین کە چەند جینۆساید و چەوسانەوەمان بینیوە”

نالین رایگەیاند کە ئەمە یەکەم جینۆساید نییە بەسەر ئێزیدیەکاندا، بەڵکو ئەوان کۆمکوژی و جینۆسایدی زۆریان بینیوە، ئەوەی راگەێنراوە تا ئێستا 74 جینۆسایدە، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لە راگەیاندنەکان باس نەکراوە زیاترە لە هەزار فەرمان و جینۆساید کە دەرهەق بە ئێزیدیەکان کرابێت.

داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر شنگال و لانیکەم پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، تەنیا لە دوو رۆژی یەکەمی هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 290 کەس گیانیان لەدەستدا.

هەروەها بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس ئاوارەبوون و هەزار و 500 کچ و ژنی ئێزدی دەستدرێژیی سێکسییان کرایە سەر و زیاتر لە شەش هەزار و 500 ژن و منداڵی کوردانی ئێزدی بەکۆیلە کران.

بەشی زۆری ئەو ئاوارانەی کە بەهۆی شەڕەکەوە ناوچەکانی خۆیان جێهێشت، لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون کە ژمارەیان زیاتر لە 325 هەزار کەسە و نزیکەی 100 هەزار کەسیش لە وڵاتانی جیهان و ئەوروپا بوونە پەنابەر.