وەزیری دەرەوەی سوریا گەیشتە بەغدا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ شەممە، ئاژانسی “سانا”ی نیمچە فەرمی سەر بە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا لەسەر داوای ھاوتا عێراقییەکەی، بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغدا و چاوی بە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکەوێت و بە گوتەی “سانا” بڕیارە لەگەڵ سەرکردە و گەورە بەرپرسانی عێراق، بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغداد و دیمەشق کۆببێتەوە.

بە گوێرەی ئاژانسەکەی سەر بە حکومەتی سوریا، میقداد لەلایەن بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق و بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی سوریاوە لە عێراق پێشوازی کراوە.

لە میانەی سەردانەکەیدا وەزیری دەرەوە و کۆچبەران یاوەری هەندێک لە بەڕێوەبەرانی وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی سوریای کردووە.

پێشتر ئەحمەد سەحاف گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندبوو، کە فەیسەڵ میقداد چاوی بە وەزیری دەرەوە و سێ سەرۆکایەتییەکە و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەکەوێت.