وەزارەتی تەندروستی هەرێم چەند رێنماییەکی نوێ دەردەکات

هەولێر- نۆرس پرێس

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەربڕینی ئاژەڵ لەماڵان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و سەربڕین تەنها لە شوێنی رێپێدراو دەبێت، هەروەها پێویستە هاوڵاتیان گۆشت لە شوێنی رێپێدراو بکڕن و دەستکێش لە دەستبکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی تای خوێنبەربون.

بەگوێرەی نوسراوێک کە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئاڕاستەی تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی هەرێم کراوە، تیادا هاتووە، سەربڕینی ئاژەڵ لەماڵان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و سەربڕین تەنها لە شوێنی رێپێدراو دەبێت، دەبێت قەسابەکان پابەندبن بە لەبەرکردنی خۆپاراستن بەتایبەتی دەستکێشی لاستیک و جلی تایبەتی خۆپارێزی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشت و خوێنەکەی بەشێوەی تەواو، لەکاتی سەرپێچی بەتوندی سزا دەدرێن.  

ئاماژەی بەوەشکردوە، دوای سەربڕینی ئاژەڵ دەبێت شوێنەکە پاکبکرێتەوە، بە بەکارهێنانی گیراوەی کلۆر و بەکارهێنانی فاس، هەروەها بەهەمان شێوە دەبێت کەلوپەلی بەکارهاتوو پاکبکرێتەوە.