ناسر کەنعانی: رۆڵی ئێران لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا لە بەرژەوەندی هەمواندایە

هەولێر- نۆرس پرێس

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەشداری چالاکانەی ئەمیر عەبدوللەهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبونەوەی دۆستانی بریکس جارێکی تر سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا خستەڕوو، دەشڵێت، رۆڵی بنیاتنەری ئێران لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی هەمواندایە.

ناسر کەنانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تویتەر سەبارەت بە ئامادەبونی شاندی ئێرانی لە کۆبونەوەی ئەم دواییەی بریکس کە لە پایتەختی ئەفریکای باشور بەڕێوەچوو، رایگەیاند، بەشداری چالاکانە و وتاری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبونەوەی بریکس لە باشوری ئەفریکا گرنگ ومانادارە، جارێکی  تر دینامیکی سیاسەتی دەرەوەی ئێرانی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا نیشاندا و ڕۆڵی بنیاتنەری ئێران لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی هەمواندا زیاتر دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبونەوەی ئەم دواییەی بریکس، کە لە کیپ تاونی پایتەختی ئەفریکای باشوور بەڕێوەچوو، لەگەڵ چوار وەزیری دەرەوەی وڵاتانی هیندستان، باشوری ئەفریکا، روسیا و بەرازیل وتوێژی کرد.

هەروەها لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات و سعودیە سەبارەت بە پرسە دوقۆڵییەکان وتوێژی کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەفریکای باشور هاوتاکانی خۆی لە 15 وڵاتدا بانگهێشتکردبوو بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەی بریکس؛ بە هیوای ئەوەی وەزیرەکان بگەنە میکانیزمی گونجاو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.