شارەزایان زەنگی ئاگادارکردنەوە لەبارەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە لێدا

هەولێر – نۆرس پرێس

شارەزایان هۆشداریان داوە کە ڤایرۆسی H5N1 کە لە پشت بڵاوبوونەوەی ژمارەی پێوانەیی ئەنفلۆنزای باڵندەیە لە سەرانسەری جیهاندا بە خێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت لەگەڵ زیادبوونی بانگەوازی ڤاکسینکردنی پەلەوەر.

شارەزایان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، لەکاتێکدا مەترسییەکان بۆ سەر مرۆڤ کەمترە، بەڵام زیادبوونی ژمارەی تووشبووان لەناو شیردەرەکاندا جێگەی نیگەرانییە.

بەگوتەی ریچچارد وێبی، پسپۆڕی ڤایرۆسناس و بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی نەخۆشییە باڵندەییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لە ساڵی 1996ەوە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە بووەتە هۆی پەتایەکی وەرزی سەرەکی بەڵام “شتێک روویدا” لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 کە وایکرد زیاتر تووشکەر بێت.

لەو کاتەوە پەتاکە ساڵ بە ساڵ سەری هەڵدەدایە و بۆ ناوچە نوێیەکان بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە باڵندەی کێوی گیانیان لەدەستداوە، ئەمە جگە لە سەربڕینی دەیان ملیۆن پەلەوەر.

وێبی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پەتایانەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە ئێستا بە خراپترین جۆری پەتا دادەنرێت. توێژەرەکە سەرپەرشتی توێژینەوەیەکی کردووە، کە ئەنجامەکانی ئەم هەفتەیە لە گۆڤاری (Nature Communications)  بڵاوکراونەتەوە و دەریخستووە کە ڤایرۆسەکە بە خێرایی پەرەی سەندووە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی لە ئەوروپاوە بۆ ئەمریکای باکوور.

لە چیللی لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە نزیکەی 9 هەزار شێری دەریایی، پەنگوین، کۆتر و دۆلفین بەهۆی ئەنفلۆنزای باڵندە لە کەناراوەکانی باکووری وڵاتەکەدا گیانیان لەدەستداوە، کە پێدەچێت زۆربەیان بەهۆی خواردنی باڵندەی تووشبووەوە تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم لە مانگی شوباتدا هۆشداری دابوو کە “پێویستە لە نزیکەوە چاودێری حاڵەتەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی باڵندە لە شیردەرەکاندا بکرێت”.

هەندێک وڵات لەوانە چین، میسر و ڤێتنام هەڵمەتی کوتانیان رێکخستووە. بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی دیکە دوودڵن بەهۆی ترسی ئەگەری سنووردارکردنی هاوردەکردن و تێپەڕبوونی باڵندە تووشبووەکان بۆ وڵاتەکانیان.