لە شارۆچکەی سێمێل یادی هەشت ساڵەی جینۆسایدی ئێزیدیان بەڕێوەدەچێت

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەشتەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزیدیان لە شنگال، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمێک لە قەزای سێمێل لە پارێزگای دهۆک بەڕێودەچێت.

لە رێوڕەسمی هەشت ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی کە لە سێمێل بەڕێوەدەچێت، سێ گوتار پێشکێش بکرێن؛ یەکێکیان گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، یەکێکی دیکەیان گوتاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە، هەروەها فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریش نمایش دەکرێت و چەند پانێڵێک پێشکێش دەکرێن.

زۆرترین ژمارەی ئاوارەکانی کوردانی ئێزدی لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک نیشتەجێن، ژیانی بەشێک لە دانیشتووانی کەمپەکان لە دوو ساڵی رابردوودا بەدۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، ئەوەش بەهۆی کشانەوەی هاوکاریی بەشێک لە رێکخراوە مرۆییەکان.

داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر شنگال و لانیکەم پێنج هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، تەنیا لە دوو رۆژی یەکەمی هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 290 کەس گیانیان لەدەستدا.

هەروەها بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 500 هەزار کەس ئاوارەبوون و هەزار و 500 کچ و ژنی ئێزدی دەستدرێژیی سێکسییان کرایە سەر و زیاتر لە شەش هەزار و 500 ژن و منداڵی کوردانی ئێزدی بەکۆیلە کران.

 بەشی زۆری ئەو ئاوارانەی کە بەهۆی شەڕەکەوە ناوچەکانی خۆیان جێهێشت، لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون کە ژمارەیان زیاتر لە 325 هەزار کەسە و نزیکەی 100 هەزار کەسیش لە وڵاتانی جیهان و ئەوروپا بوونە پەنابەر.

بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان وتی، “تاکە هیوای کوردانی ئێزدی بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانی ئاوارەییان بریتییە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال”  دەشڵێت، “لە کۆی شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندراو، سێ هەزار و 554 کەسیان رزگارکراون و پرۆژەی جۆراوجۆریش پێشکێشکراون بۆئەوەی ئەو هاونیشتمانییانە دەست بە ژیانی ئاسایی بکەنەوە، بەڵام پلانەکە ستراتیجی نەبووە” گوتیشی، “کوردانی ئێزدی ئازادکراو لە رەوشێکی خراپدان، بەتایبەتی لە بواری دەروونییەوە.”

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە شنگال پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە دەکاتەوە و دەشڵێت، “بەهۆی خۆسەپاندنی هێزی چەکدار هێشتا شنگال نائارامە.”

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 03-08-2022 لە پەیامەکەیدا کە بەبۆنەی هەشت ساڵەی کۆمەڵکوژیی شنگال بڵاویکردەوە، گوتی، بە خەمێکی قوڵەوە یادی جینۆسایکردنی خوشک و برایانی کوردانی ئێزدی دەکەنەوە کە لەسەر دەستی “تیرۆریستانی” داعش هەزارن کەس “شەهید و بێشەروشوێن بوون.”

مەسرور بارزانی دەڵێت، ئەو تاوانە لەبیر ناکرێت کە “ویژدانی مرۆڤایەتیی و گەلی کوردستانی هەژاند و پێویستە بەهیچ شێوەیەک رێگە نەدرێت ئەو کۆمەڵکوژیی و تاوانە دووبارە ببێتەوە.”

مەسرور بارزانی پێیوایە دەبێت لەم بۆنەیەدا “قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لەبیر نەکرێت کە بە خوێنی سەتان پێشمەرگەی قارەمان شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش ئازادکرا.”

مەسرور بارزانی هەروەها باس لەوەش دەکات کە بەهۆی “خۆسەپاندنی گرووپە چەکدارییەکان” تاوەکو ئێستا شنگال ناوچەیەکی نائارامە و خەڵکی سنوورەکە ئاوارەن و ناتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە داکۆکیی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی سنوورەکە دەکاتەوە و “دەرکەوتنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان” لە شنگال، بۆ ئەوەی “کۆتایی بە ئێش و ئازاری ئاوارەکان بهێندرێت و بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.”

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتیدەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی تەواوی ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەشڵێت، ئەوەش لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکە بۆئەوەی خزمەتی کوردانی ئێزدی بکرێت و بەگوێرەی یاسای رزگاربووانی کوردانی ئێزدی کە حکومەتی عێراق پەسندی کردووە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییان بکرێتەوە.