هەولێر – نۆرس پرێس
لە هەرێمی ئۆدیشای هندستان بەهۆی پێکدادانی سێ شەمەندەفەر 288 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەى 900 کەسی دیکە برینداربوون.
سودانشو سارانگی، بەڕێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری ئاگرکوژێنەوە لە هەرێمی ئۆدیشا رایگەیاند، رووداوەکە لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان دوو شەمەندەفەری سەرنشین هەڵگر روویداوە، شەمەندەفەری سێیەم تایبەت بووە بە گواستنەوەی کەلوپەل و لە شوێنی پێکدادانی دوو شەمەندەفەرەکەی دیکەدا وەستاو بووە.
هاوکات برادیب جینا، سەرۆکى هەرێمى ئۆدیشا لە تویتێکدا دەڵێت، ئەگەر هەیە ژمارەی قوربانیەکانی رووداوی پێکدادانەکەی ئێوارەی هەینی بەرزبێتەوە.
ئاماژەیبەوەشکردوە، 200 ئەمبۆلانس، 100 پزیشک جگە لە 80 پزیشکی دیکە رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون بۆ شاری بالاسور لە هەرێمی ئۆدیشا.
تاوەکو ئێستا بەفەرمی هیچ راگەیەندراوێک نییە لەبارەی هۆکاری پێکدادانەکە.