بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی زیاتری سنورەکان، عێراق و ئێران هەنگاوی نوێ دەگرنەبەر

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی لیوا محەمەد عەبدولوەهاب سەعیدی فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق رایگەیاند، پەیوەندیەکی بەهێز لەنێوان فەرماندە مەیدانییەکانی سەر سنوری عێراق و ئێران هەیە، ئەم پەیوەندیەش بەردەوام دەبێت بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی زیاتری سنورەکان.

لیوا محەمەد عەبدولوەهاب سەعیدی لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ فەریق ئەحمەد عەلی کودارزی هاوتا ئێرانییەکەی ڕایگەیاند، پێشوازیکردن لە سەردانکەرانی ئێرانی یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی حکومەتی عێراق، چونکە ئەوان بە نیازێکی دڵسۆزانە بۆ سەردانی ئیمام حوسێن دەچنە ناو عێراقەوە.

فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق جەختی کردەوە و رایگەیاند، عێراق و ئێران ئامانجی هاوبەش و هەروەها دوژمنی هاوبەشیان هەیە، ئەمەش پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و گواستنەوەی شارەزایی هەیە لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و گروپە دوژمنکارەکان و چارەسەرکردنی دۆسیەکانی قاچاخچێتی لە سنورەکانی دوو وەڵاتی هاوبەش.

لەلای خۆشیەوە، فەریق ئەحمەد عەلی کودارزی فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنوری ئێران رایگەیاندووە، هێزەکانی پاسەوانی سنور لە هەردوو وەڵات پێکەوە کاردەکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئەمن و ئاسایش، ئەمڕۆش ئەرکی دابینکردنی ئاسایشی سنورەکانی وەڵات لەئەستوگیراوە کە بریتیە لە هەشت هەزار و 755 کیلۆمەتر.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردنی ئەرێنی سنوری نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنور لە وڵاتەکەی و عێراق کرد و گووتی، وڵاتەکەی هەزار و 609 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە و ئەم مەودا دوور و درێژەی سنوری بە هاوبەشی کۆنترۆڵ دەکرێت.