هەولێر – نۆرس پرێس
رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەمساڵ لە ئێران بە تۆمەتی پەیوەست بە مادەی هۆشبەرەوە لەسێدارەدراون ، سێ هێندە زیادیکردووە؛ لە پێنج مانگ یەکەمی ئەمساڵدا 307 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون و رێکخراوەکەش دەڵێت ئەمە “مایەی شەرمەزارییە”.
ئەمڕۆ هەینی، دایانا تەهاوی، جێگری بەڕێوەبەری رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: “ئەو ژمارەیەی لەسێدارەدان کە دەسەڵاتدارانی ئێران بە تۆمەتەکانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەر جێبەجێی دەکەن، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی ئێران رێز لە مافەکانی مرۆڤ ناگرن و مافی ژیانکردنیان لێدەسەننەوە.”
راشیگەیاند : “دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دڵنیابێتەوە لەوەی کە تۆمەتەکانی پەیوەست بە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان نەبنە هۆی کوشتنی خەڵک و پێشێلکردنی مافەکانی دیکەی خەڵکی لە ئێران.”
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی، دوێنێ رایگەیاند، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم 307 کەس لە ئێران لەسێدارەدراون و ژمارەکە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 75٪ زیادیکردووە.
تەنیا لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، لانیکەم 142 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون کە دەکاتە رۆژانە زیاتر لە چوار کەس.
هەر بەگوێرەی زانیاری و ئامارەکانی هەمان رێکخراو، لە ساڵی 2015ەوە ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک لەماوەی مانگێکدا لە ئێران لەسێدارە نەدراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژە بەوەش دەکات، 59٪ـی ئەو کەسانەی ئەمساڵ لە ئێران لەسێدارە دراون، کە دەکاتە 180 کەس تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەریان دراوەتە پاڵ.