ئەمڕۆ پەرلەمانی تورکیا یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجام دەدات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، کاتژمێر دووی دواینیوەڕۆ، یەکەمین کۆبوونەوەی خولی 28مینی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت و کاندیدە دەرچووەکان سوێندی یاسایی دەخۆن، ئەوانەشی بە ھەر ھۆکارێک ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نابن، دەتوانن لە رۆژانی داھاتوو سوێند بخۆن.

بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی تورکیا، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا، لە ماوەی 48 کاتژمێردا ئەنجوومەنی گشتیی یەکەم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەڕێوەدەبات کە تایبەت دەبێت بە سوێندخواردنی یاسایی پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکان.

رۆژی دواتر، پەرلەمان دانیشتنی دووەمی رێکدەخات و سەرۆکی پەرلەمان و بریکارەکانی هەڵدەبژێردرێن کە هاوکات ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی دەبن و لە ئەندامانی فراکسیۆنەکان پێکدێن و بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو، دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان بەڕێوەدەبەن.

کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی مەھەپە دەبێت، کە بە تەمەنترین ئەندامە و بەشێوەی کاتی ئەو کارەی پێسپێردراوە.

ھاوکات ئەردۆغان ئامادەی دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان و سوێندخواردنی کاندیدە دەرچووەکان دەبێت.

بڕیارە رۆژی شەممەش، ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆماری تورکیا سوێندی یاسایی بخوات و کابینەی نوێی حکومەتەکەی رابگەیەنێت، رۆژی دواتریش ئەندامانی کابینەکەی لە بەردەم پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن و حکومەتی نوێ دەستبەکاردەبێت.