قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، رۆژنامەی “بەیان”ی ئیماراتی ئاشکرای کرد کە گرووپێک لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی کار بۆ رازیکردنی یەکێتیی ئەورووپا دەکەن بۆ کرانەوە بەڕووی دیمەشقدا.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گروپە عەرەبییە کاردەکات بۆ ئاگادارکردنەوەی رۆژئاوا لە هەنگاوە عەرەبییەکان بەرەو دیمەشق و ئەگەری سوککردنی سزاکانی سەری، “بەمەبەستی کەمکردنەوەی باری سەرشانی گەلی سوریا”.
ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە ئەو بابەتە پێویستی بە گرتنەبەری رێکاری سیاسەتی “هەنگاو بە هەنگاو” هەیە، بەپێی ئەوەی لە لوتکەی جەددە رێککەوتنی لەسەر کراوە، کە دیمەشق دوای نزیکەی 12 ساڵ وەستانی، بەشداریی تێدا کردەوە.
بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی کە لە 19ی ئایار بەڕێوەچوو، داوای چارەسەری هەمەلایەنە لە سوریا بە پێی میتۆدی “هەنگاو بە هەنگاو” و هاوتەریب لەگەڵ بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش کرد.
لیژنەی پەیوەندی وەزاری کە لە ئوردن، سعودیە، عێراق، لوبنان، میسر و ئەمینداری گشتی پێکهاتووە، داوای بەردەوامی گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا دەکەن، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ قەیرانەکە، کە چارەسەری هەموو دەرئەنجامەکانی دەکات و ئاگادارکردنەوە ئەنجومەنی خولەکە لەسەر ئاستی وەزاری لە ئەنجامی کارەکانی.
ئیمارات یەکێک بوو لە یەکەمین ئەو وڵاتانەی کە هەنگاوی ئاساییکردنەوەی لەگەڵ دیمەشقدا گرتەبەر و پێش ئەوەی ئوردن پڕۆژەی خۆی بۆ چارەسەرکردن بە میتۆدی هەنگاو بە هەنگاو بخاتەڕوو.