سودان.. نێوەندگیری ئەمریکا و سعودیە بە مەرجی پابەندبوونی دوو لایەنی ناکۆکیکار

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمریکا جارێکی دیکە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ نێوەندگیری لە نێوان هەردوو لایەنی ململانێی سودان، بەڵام بە مەرجی پابەندبوونی جددی، دوای بۆردومانی سوپا لە مۆڵگەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، دوابەدوای کشانەوەیان لە دانوستانەکانی ئاگربەست لە شاری جەددەی سعودیە.

سوپای سودان بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح ئەلبورهان، هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد عەبدولحەمید دەقلوو، نەیارەکەی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد.

ئەمریکا رایگەیاندووە، “پێشێلکاری جددی ئاگربەست لەلایەن هەردوولاوە” ئەنجامدراوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش گوتی: “هەرکاتێک هێزەکان لەڕێی کردەوەکانیانەوە نیشانی دەدەن کە جددین لە پابەندبوون بە ئاگربەستەکە، ئەمریکا و سعوودیە ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی ئاسانکاریی گفتوگۆ هەڵپەسێردراوەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دانوستان بۆ ئەم ململانێیە.”

راپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی  عەبدولفەتاح ئەلبورهان، هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەرەکییەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، بە سەرۆکایەتی فەرماندە محەمەد حەمدان دەقلوو، لە خەرتوم.

ململانێی سودان پێی ناواتە 48ەمین رۆژی خۆی، بەگوێرەی دەرئەنجامێکی نافەرمی لە چەند سەرچاوەیەکەوە (میدیا و نەتەوە یەکگرتووەکان) هەزار و 800 کەس تاوەکو ئێستا گیانیان لەدەستداوە.

ئەم هێرشانە دوو رۆژ دوای ئەوە هات کە ناوبژیوانانی ئەمریکا و سعوودیە رایانگەیاند کە لایەنە ململانێیەکان رێککەوتوون لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستی سەرەتایی مرۆیی بۆ ماوەی پێنج رۆژی دیکە.

سەرەڕای بەڵێننامەی دووبارەی هەردوولا، بەڵام لەم هەفتەیەدا شەڕ لە هەردوو ناوچەی خەرتومی گەورە و ناوچەی رۆژئاوای دارفور سەریهەڵدا.

رۆژی چوارشەممە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، پشتگیری خۆی بۆ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان، ڤۆڵکەر پێرتس، پشتڕاستکردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاربدات کە ئایا ئەنجوومەنی ئاسایش پاڵپشتی بەردەوامبوونی ئەو ئەرکە دەکات بۆ ماوەیەکی دیکە، یان ئەنجومەنی ئاسایش بڕیار دەدات کە کاتی کۆتایی بەو ئەرکە هاتووە”.

نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە ناوخۆی سوودان ئاوارەبوون و زیاتر لە 425 هەزار کەسیش روویان لە وڵاتانی دراوسێ کردووە.