کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق : ناتوانین هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەککاتدا ئەنجام بدەین

هەولێر – نۆرس پرێس

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق میوانداری سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کۆمسیاران و ستافی تەکنیکی کۆمسیۆنیان کرد، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوی پارێزگاکان کرا، کۆمسیۆن دەڵێت، ناتوانن هەردو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان لە یەککاتدا ئەنجام بدەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی یاسایی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کۆمیسیاران و ستافی تەکنیکی پێشکەوتوی کۆمسیۆنیان کۆبوەوە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوی پارێزگاکان.

لای خۆیەوە لیژنەی یاسایی کۆمەڵێک پرسیاری سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەتایبەتی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان خستەڕو، جەختی کردەوە پێویستە خێراتر ئەنجامە سەرەتاییەکانی هەڵبژاردن رابگەیەنرێت کە لە ماوەی 24 کاتژمێر زیاتر نەبێت.

ئاماژەیان بەوەدا کە کۆمسیۆن دەستیکردووە بە دانانی خشتەی کارگێڕی کە دڵنیایی دەدات لە بەردەوامیی پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری بۆ دەنگدەران و تۆمارکردنی هاوپەیمانی و کاندیدەکان.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کردەوە، کە بڕیارە لە 20ی 12ی 2023 بەڕێوەبچێت، کە کۆی گشتی دەنگدەران 27 ملیۆن کەسە و تائێستا 17 ملیۆن کەس خۆیان لە سیستمی بایۆمەتر تۆمارکردووە و 9 ملیۆن کەسیش خۆیان تۆمارنەکردوە.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ناتوانن لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدەن، چونکە لەڕوی تەکنیکییەوە پێویستی بە کات هەیە.