هەولێر- نۆرس پرێس
دەستەی گشتیی ئاماری سعودیە رایگەیاند، بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی بۆ ساڵی 2022، ژمارەی دانیشتوانی سعودیە گەیشتووەتە 32 ملیۆن و 200 هەزار کەس.
لە دەرەنجامەکانی سەرژمێریی سعودیەدا هاتووە، ژمارەی سعودیەکان گەیشتوەتە 18.8 ملیۆن کەس کە دەکاتە 58.4%، هاوکات ژمارەی بیانییەکان گەیشتوەتە 13.4 ملیۆن کەس، کە دەکاتە 41.6%ی دانیشتوان، هەروەها ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە رەگەزی نێرن گەیشتووەتە 19.7 ملیۆن کەس کە دەکاتە 61%ی دانیشتوان، لەکاتێکدا ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە لەرەگەزی مێن گەیشتوەتە 12 ملیۆن و 500 هەزار کەس کە دەکاتە 39%ی دانیشتوانی سعودیە، هەروەها ریاز گەورەترین شاری سعودیەیە لە ڕوی ژمارەی دانیشتوانەوە، لە دوای ئەویش شاری جددە و مەککە و مەدینە و دەمام دێن.
شانشینی سعودیە بە گەنجی دانیشتوانەکەی جیا دەکرێتەوە، بەو پێیەی تێکڕای تەمەنی دانیشتوانەکەی گەیشتوەتە 29 ساڵ، هەروەها ڕێژەی سعودییەکانی خوار تەمەن 30 ساڵ گەیشتووەتە 63%ی کۆی ژمارەی دانیشتوانی سعودی.
ئەنجامەکانی سەرژمێرییەکە دەریخستووە کە کۆی ژمارەی خێزانە سعودییەکان 4.2 ملیۆن خێزان بووە، و تێکڕای قەبارەیان یەکسانە بە 4.8 کەس بۆ هەر خێزانێک. هاوکات تێکڕای قەبارەی ئەندامانی خێزانی بیانی لە سعودیە 2.7 ئەندامن بۆ هەر خێزانێک، ڕێژەی ئەو هاوڵاتیانەی کە بیانین و لە رەگەزی نێرن گەیشتە 76%ی کۆی گشتی هاوڵاتیانی بیانی لە شانشینی سعودیەدا.