سەڵاحەدین دەمیرتاش پەیامێکی گرنگی بلاوکردەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوتری هەدەپە رایگەیاند، لەم قۆناغەدا واز لە چالاکی سیاسی دەهێنێت و لە زیندان بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی، دو پەرەگراف لە وتارەکەم کە سبەی لە تۆڕى هەواڵى (ئارتی گێرچەک) بڵاودەکرێتەوە، رونکردنەوەتان پێدەدەم، بە ناوی خۆمەوە لە دڵەوە داوای لێبوردن دەکەم کە نەمتوانی سیاسەتێکی شایستەی گەلەکەمان بخەمەڕو، بەڵێن دەدەم بە هەوڵە کردارییەکانی خۆم ئەو کەموکوڕییانە چارەسەر بکەم.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەروەها سوپاس بۆ رەخنەی بنیاتنەر بەرامبەر بە من، هەوڵ دەدەم سود لەو ڕەخنانە وەربگرم، لە کاتێکدا کە وەک هەموو هاوڕێیانم لە زیندانەوە بە خۆڕاگری بەردەوامم لە خەبات، لەم قۆناغەدا چالاکی سیاسی بەجێدەهێڵم.

دەمیرتاش هەروەها نوسیویەتی، سڵاوی هەڤاڵانەم بۆ هەموتان دەنێرم بە حەسرەتەوە هەموتان لە باوەش دەگرم، بەهیوای ئەوەی لە ڕۆژانی ئازاددا بتانبینم.

دەمیرتاش نوسیویەتی، پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگمان تێپەڕاند، گروپێک کە دەوڵەتی گرتوەتە دەست، هەمو تواناکانی دەوڵەتی بەبێ سنور بەکارهێنا، بەبێ رەچاوکردنی هیچ بەهایەکی ئەخلاقی کەمپەینێکی ناوزڕاندنی بەڕێوەبرد، یاری بە سندوقەکان کرد، بەڵام بەستنەوەی سەرنەکەوتنی پارتەکەمان وەکو پێویست لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا تەنها بەم هۆکارانە تەنها ئاسانکارییە بۆ خۆمان.

هەروەها دەڵێت، شەن و کەوی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شار بە شارم کرد، لە 87 ناوچەى هەڵبژاردن دەنگەکانمان کەمى کردووە، مومکین نییە ئەم دابەزینە بە یەک نوسین باس بکرێت، ئەم بۆچونانەم کە دەریان دەبڕم باس لە بەشە پراکتیکییەکەی هەڵبژاردن ناکات وەکو ستراتیژی هەڵبژاردن و تەکتیکەکانی، هەڵبژاردنی کاندیدەکان و کارە مەیدانییەکان، بەڵکو زیاتر لە چوارچێوەیەکی گشتیدا دەریان دەبڕم.