جەندرمەی تورکیا دەستدرێژی دەکەنە سەر چەند هاوڵاتییەکی سوریا کە هەوڵی بەزاندنی سنووری تورکیایان دابوو
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری تورکیا، “جەندرمە”، دەستدرێژییان کردە سەر کۆمەڵێک هاوڵاتی سوریا، لە کاتێکدا کە هەوڵیان دەدا سنووری سوریا و تورکیا ببڕن لە گوندەواری عەفرین لە باکووری رۆژئاوای سوریا.
سەرچاوە خۆجێییەکانی ناوچەکە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، جەندرمەکان دەستدرێژییان کردووەتە سەر 11 کەس کە ژن و منداڵیشیان تێدایە، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ بەزاندنی سنووری سوریا و تورکیا لە نزیک چیای بولبولە لە قەزای بولبولە لە باکووری عەفرین و دەستگیریان کردوون.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، جەندرمەی تورکیا بە توندی لەو هاوڵاتیانەیان داوە و دەستدرێژییان کردووەتە سەریان، بە بەکارهێنانی بۆری ئاسن، ئەمەش بووەتە هۆی شکانی ئێسکیان، تیایاندا پیاوێکی بەساڵاچووی تەمەن پەنجا ساڵان و گەنجێکی تەمەن بیست ساڵان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەیەک لە قەزای بولبولەی نزیک بە سنووری، بۆ چارەسەری شکانی قاچیان.