سوریا رەتیدەکاتەوە لەگەڵ تورکیای “داگیرکەری خاکەکەیان” پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، بەسام ئەلسەباغ، نوێنەری هەمیشەیی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، سوریا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوانە ئاسایی ناکاتەوە کە “خاکەکەیان داگیر کردووە”، ئاماژەی بە تورکیا و هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی نێوانیان کرد و ئەمەش لە کاتی دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشدا هات سەبارەت بە سوریا.

دوو رۆژ لەمەوبەر، ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا، هەرچەشنە دیدارێکی داهاتووی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشار ئەسەدی هاوتا سورییەکەی رەتکردەوە.

ئەم لێدوانانە دوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا هات، کە ئەردۆغان سەرکەوتنی بەدەست هێنا، حکومەتی سوریا هەمیشە رایگەیاندووە، لایەنی تورکیا بەدوای ئاشتەوایی و ئاساییکردنەوەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ببێتە کارتی فشاری هەڵبژاردن.

میدیاکان و راپۆرتە ناوخۆییەکان پێشنیاریان کردووە کە دوای هەڵبژاردنەکان تورکیا پشت لە پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ حکومەتی سوریا بکات.

لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوولا بە سەرپەرشتی رووسیا ئەنجام دراون، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجامێکی بەرجەستە.

نوێنەری سوریا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشدا رایگەیاند، وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی خۆیان بۆ وڵاتەکەی لە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا دووپاتکردوەتەوە.

هەروەها ئەلسەباغ دەستی خستە سەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا کە بە گوتەی ئەو “نایاساییە” و تۆمەتباریانی کرد بە پاڵپشتیکردنی “جوداخوازان” و “دزینی نەوت و سامانی سوریا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل و دەسەڵاتە توندڕەوەکانی بەردەوامە لە گڕتێبەردانی دۆخی ناوچەکە، بە گوتەی خۆی.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی