رووسیا: هیچ هۆکارێک نابینین بۆ درێژنەکردنەوەی میکانیزمی هاوکارییە سنووربەزێنەکان بۆ سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

نوێنەری هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤاسیلی نەبێنزیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ درێژنرکردنەوەی میکانیزمی هاوکارییە سنووربەزێنەکان بۆ سوریا لە دوای 10ی تەمموزەوە، لەمبارەشەوە ئاماژە بە رۆڵی “ناکارا”ی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، نەبێنزیا لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، رایگەیاند، کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر سەلماندوویانە، لە رێگەی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سوریا، بەبێ بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش، توانای رێکخستنی کارەکانی هەیە.

ئەو نوێنەرەی رووسیا ئاماژەی بە بڕیارە “بێوێنە”ەکەی حکوومەتی سوریا کرد بۆ کردنەوەی دوو دەروازە لەسەر سنوور لەگەڵ تورکیادا، جگە لە دەروازەی باب ئەلهەوا.

ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەکارهێنانی میکانیزمی یارمەتییە مرۆییەکان لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە لە 10ی تەمموزی ئەمساڵدا کۆتایی دێت.

دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مانگی شوباتی رابردوو، دیمەشق لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتبوو بۆ بەکارهێنانی دەروازە سنوورییەکانی باب ئەلسەلام و ئەلراعی بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە، کە لە 13ی ئابدا کۆتایی دێت.

نەبێنزیا رۆڵی ئەنجوومەنی ئاسایشی لە بڕیاری کردنەوەی دەروازەکان و درێژکردنەوەی دەروازەکان بە “ناکارا” ناوزەد کرد و دووپاتیکردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر توانیبووی لەگەڵ حکومەتی سوریا بەبێ بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ئەو کارە بکات.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر