پیدەرسن بۆ ئەنجومەنی ئاسایش: پەلە بکەن لە چالاکییە دیپلۆماسییەکانتان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، گەیر پیدەرسن، داوای کرد کە “هەوڵە دیپلۆماسییە درێژخایەنەکان” لە سوریا بەشێوازێکی “راستەقینە” بخرێنەگەڕ و پەرەسەندنی پشتیوانی ناوچەیی بکرێت بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی 12 ساڵەی وڵاتەکە.

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، لە میانی لێدوانەکەیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، پیدەرسن تیشکی خستە سەر خێراکردنی چالاکییە دیپلۆماسییەکان لە ماوەی مانگی رابردوودا، ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەکانی عەممان، جددە و مۆسکۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا جەختیان لە گرنگی چارەسەری سیاسی کردەوەتەوە.

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆکردنەوەی لیژنەی دەستووری و کارکردن بۆ “ئاشتەوایی نیشتمانی” کرد.

پێدەرسن هەروەها جەختی لەوە کردەوە “گرنگییەکی زۆری هەیە کە هەنگاوە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییە لەگەڵ کردەی راستەقینەدا بێت”، ئاماژەی بەوەشکرد کە گەلی سوریا “هێشتا ئازار دەچێژێت و هیچ باشتربوونێکیان لە ئاستی ژیانیان نەبینیووە”.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لە پێویستی بەپەلەی دروستکردنی متمانە لەسەر زەوی و پرۆسەیەکی سیاسی راستەقینە کردەوە، هەروەها رایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ئاسانکاری “چارەسەرێکی سیاسی بە سەرکردایەتی و خاوەندارێتی سوریا کە سەروەری و سەربەخۆیی و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی وڵات بگەڕێنێتەوە، و پێداویستییەکانی و خواستە رەواکانی خەڵک دابین بکات”.

لای خۆیەوە، غادە ئەلتاهر مەزویی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی، لە پێشکەشکردنی کورتەیەکدا بۆ ئەنجومەن لەسەر ئاستی مرۆیی، جەختی لەوە کردەوە کە قەیرانی مرۆیی لە سوریا دەبێت وەک کاری لەپێشینەی جیهانی بمێنێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا زۆربەی سورییەکان رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆراک، تەندروستی، ئاو، پاکوخاوێنی و شوێنی نیشتەجێبوون.

مەزەویی بانگەوازی سکرتێری گشتی دووپاتکردەوە بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی ئەنجومەن بۆ میکانیزمی ناردنی هاوکارییە سنوربەزێنەکان بۆ سوریا بۆ ماوەی 12 مانگ.

لە کۆبوونەوەکەدا کە تایبەتە بە پرسی سوریا، زۆرێک لە نوێنەران نیگەرانی خۆیان لە دۆخی مرۆیی سوریاکان دەربڕی و بانگەوازەکانی ئەنجومەنیان بۆ نوێکردنەوەی میکانیزمی هاوکاریی سنووربەزێن کە لە بڕیارنامەی 2672ی ساڵی 2023)دا هاتووە، کە لە مانگی تەمموزی داهاتوودا کۆتایی دێت، دووپاتکردەوە.

هەروەها ژمارەیەک نوێنەریش پێشوازییان لە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی کرد و هەندێکی تریش جەختیان لەوە کردەوە کە سوریا دەبێت بەڕاستی بەشداری پڕۆسەی سیاسی بکات لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری بەردەوام لە وڵاتەکەدا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر