هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە دانیشتنی خۆیدا سەبارەت بە سكاڵای نایاساییبونی درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، بڕیاریدا كە درێژكردنەوەكە نادەستورییە.
سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی لەدانیشتنەكەدا بڕیارەكەی خوێندەوە كە دەڵێ: “لە دەقی دەستوردا هاتووە كە تەمەنی پەرلەمان چوار ساڵەو هەر دەقێكی دیكەی یاسایی دژبە دەستور بە پوچەڵ دەژمێردرێت.”
هەروەها لە بڕیارەكەدا هاتووە، بەردەوامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ زیاتر لە چوار ساڵ دوای درێژكردنەوەی تەمەنی، دژ بە حوكمەكانی دەستورەو دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بەوەی كە درێژكردنەوەی كاری پەرلەمانی كوردستان نادەستورییەو خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی هاتوەو ئەوەشی لەو پەرلەمانەوە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی دەرچووە، پوچەڵە.
رۆژی 9ی تشرینى یەکەمى ساڵی رابردو، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 6-11-2022 کۆتایی هات.
لەمبارەیەوە چەند کەس و فڕاکسیۆنێکی کورد لە عێراق سکاڵایان دژ بەو درێژکردنەوەیە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کرد، کە پێکهاتبوون لە هەریەکە لە سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق، یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشوى پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ و کاوە عەبدولقادر، سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان.
لەو سکاڵایانەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە 12ـی رۆژی 9ی 10ی 2022ـی تایبەت بە درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان كرا بەهۆی “ناکۆکبون”ی لەگەڵ هەردو مادەی 5 و 20ـی دەستوری عێراق، جگە لەوەش لە سكاڵاكەدا هاتبوو “مافی دەستوری دیاریکراو لە مادەی 51ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 1ـی ساڵی 1992 پێشێل دەکات.”