بەهای لیرەی تورکی بەردەوامە لە دابەزین

هەولێر – نۆرس پرێس

بەهای یەک دۆلار لەئێستادا بەرامبەرە بە 20.62 لیرەی تورکییە و بەراورد بە دوێنێ سێشەممە نزیکەی 1%ی بەهاکەی لەدەستداوە و بەردەوامیشە لە دابەزین، دوێنێ سێشەممەدا 20.42 لیرەی تورکی بەرامبەر بو بە یەک دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

لیرەی تورکی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵەوە بە پشتبەستن بە سیاسەتە ئابورییەکان دوای خولی یەکەمی هەڵبژاردن، رووی لە دابەزینە و بەردەوامە لە لەدەستدانی بەهاکەی.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بەدۆلار زیاتر لە 9% دابەزیووە و لە ماوەی 10 ساڵدا زیاتر لە 90%ی بەهای خۆی لەدەستداوە، ئابوریەکەی ئەو وڵاتە بەچەندین شەپۆلی بوژانەوە و دابەزین و هەڵاوسانی بەرزدا تێپەڕیوە.

دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرە بەرامبەر بەدۆلار لەدوای سەرکەوتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە هەڵبژاردنەکان و وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری وڵاتەکەی دێت لە 28ی ئەم مانگەدا، سەرەڕای چەندین بەڵێن و هەنگاو بۆ بەرزکردنەوەی دراوی نیشتمانی ئەو وڵاتە، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.