نوسینگەکانی پۆست و ناردن لە رۆژئاوا بەهۆی داخستنی دەروازەی پێشخابوور – سێماڵکا  دەرگەکانیان داخست

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

سەرجەم کۆمپانیاکانی پۆست و ناردن لە ناوچەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەری لە رۆژئاوایی کوردستان لە ئەنجامی بەردەوامی داخستنی دەروازەی پێشخابوور- سێماڵکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەرگاکانیان داخست و کارەکانیان راگرت.

کارمەندێکی کۆمپانیایەکی پۆست و ناردن لە شاری قامیشلۆ بە نۆرس پرێسی گوت، “زۆرێک لە کەلوپەلەکانی خەڵکی ناوچەکە کە ویستوویانە بینێرن بۆ دەرەوەی وڵات، کاڵاکان کۆگاکراون و هیچ رێگەیەک نییە بۆ بارکردنیان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، داخستنی دەروازەکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کارەکانیان هەبووە، چونکە ئەو دەروازەیە تاکە رێگەبوو بۆ ناردنی پۆست بۆ دەرەوی وڵات، هەر بۆیە سەرجەم کارمەندانی ئەم نوسینگانە بێکار بوون.

باسی لەوەشکرد، پێشتر رۆژانە باری کەلوپەلیان لە دەرەوە لە ڕێگەی ئەم دەروازەوە وەردەگرت، لە بەرامبەردا، هەفتانە بار لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دەرەوەی وڵات دەناردە دەرەوە، ئێستاش کارکردن بە تەواوی وەستاوە.

دەروازەی سنووری سێماڵکا لە 11ی ئایارەوە بەڕووی هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری داخراوە، ئەوەش دوای ئەوەی بڕیارەکە لە ئیدارەی دەروازەی پێشخابوور لە هەرێمی کوردستان دەرچووە بەبێ ئەوەی روونکردنەوەی ورد لەسەر هۆکاری داخستنی بدات.