هەولێر- نۆرس پرێس
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان چەند ڕۆژێک دوای سەرکەوتنی لە خولێکی نوێ وەک سەرۆک کۆماری تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێکدا رایگەیاند، ئیرادەی گەل لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت و ئێستاش کاتی جێبەجێکردن و بەکرداریکردنی بەڵێنەکانە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە وتارێکدا رایگەیاند، دەنگدەران داوای بەردەوامی گەشەکردن و سەقامگیرییان لە تورکیادا کردووە و هەر بۆیەش ئیرادەی جەماوەری لە هەڵبژاردنەکاندا زاڵ بووە و سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
هەروەها ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ دەبێت باسی ئەوە بکەین کە چی نوێیە و وابەستەی ڕابردوو نەبین، ئەم قۆناغە لە وڵاتی ئێمەدا زۆر گرنگە، دەبێت لایەنەکان لەوە تێبگەن کە سندوقی دەنگدان دیموکراسی لە وڵاتدا دیاری دەکات.
سەرۆک کۆماری تورکیا دەشڵێت، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لاوازە و دەبێت ڕیز و پلانەکانی ڕێکبخات بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغی دیموکراسی داهاتوو و پێداچونەوەی جدی ئەنجامبدات.
دوپاتیشیکردەوە، حکومەتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو شتانەی کە ئەمساڵ بەهۆی بومەلەرزە کۆشندەکانەوە لەناوچوون، بەو پێیەی بەڵێنی دابوو کە هەڵاوسان کەم بکاتەوە و هاوڵاتیان لە گرانی نرخەکان بپارێزێت و بەڵێنەکان بکاتە کردار.
ئەردۆگان جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامبونی لە دەسەڵاتدا بە مانای بەشداریکردن دەبێت لە بڵاوکردنەوەی سەقامگیری لە وڵاتەکەی و ناوچەکەدا.