بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.. چەند لایەنێک پێشوازی لە بانگەوازەکەی کازمی دەکەن

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ، سێشەممە، هەریەک لە سەرکردەی هاوپەیمانی نەسر، حەیدەر عەبادی و عەمار حەکیم سەرۆکی تەیاری حیکمە، پشتیوانی خۆیان بۆ ناوەڕۆکی دەستپێشخەرییەک راگەیاند کە لەلایەن مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە سەبارەت بە قەیرانی ئێستای عێراق.

دوای دە مانگ لە هەڵبژاردنەكان كە تا ئێستا نەبوەتە هۆی پێكهێنانی حكومەت، عێراق ڕووبەڕووی سیناریۆگەلێك دەبێتەوە، كە هەندێكیان مەترسیدارن، زۆرێک لە لایەنە سیاسییەكان هۆشداریان دا لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، لەنێۆ داواکاری بەردەوام بۆ دیالۆگ و ئارامکردنەوەی ئەو دۆخەی کە نزیکەی هەفتەیەکە لە ئاستێکی باڵادا گرژی دروست کردووە.

ناکۆکی نێوان ئەو دوو گروپە شیعەیە کە بریتین لە رەوتی سەدری و چوارچێوەی هەماهەنگی، لەسەر شێوەی حکومەتی داهاتوو و ناوی کاندیدی سەرکردایەتیکردنی دێت.

دوێنێ دووشەممە، زۆرێک لە پارێزگاکانی عێراق خۆپیشاندانی بەرفراوانیان بەخۆوە بینی، بەشێکیان لایەنگری خۆپیشاندانەکانی پەرلەمانی عێراق بوون و بەشێکی دیکەشیان بۆ پشتیوانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی و دژی جووڵانەوەی سەدر.

لە شەممەی رابردووەوە خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوز و ئەنجوومەنی نوێنەران، و مانەوەیان لەناو بینای پەرلەمان راگەیاندوە.

پرۆسەی هێرشکردنە سەر پەرلەمان لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیەوە بە “کودەتا” لە دژی شەرعیەت وەسف کرا، ئەمەش دوای داواکردنی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان، بۆیە داوایان لە لایەنگرانیان کرد بۆ ” پشتیوانی لە شەرعیەت” خۆپیشاندان بکەن، لە کاتێکدا رەوتی سەدری رۆشتنە ناو پەرلەمان و ناوچەی سەدری لە لایەنگرانی بە “پرۆسەی ڕزگاری” ناوبرد.

دوێنێ دووشەممە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کرد “دیالۆگێکی نیشتمانی لەڕێگەی پێکهێنانی لیژنەیەکەوە ئەنجام بدرێت کە نوێنەری هەموو لایەنەکان لەخۆبگرێت بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی چارەسەری”

 هەروەها داوای لە خۆپیشاندەران کرد هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بکەن و ڕێز لە دامودەزگاکانی دەوڵەت بگرن و چۆڵیان بکەن و پابەندی ڕێسای گشتی بن.

حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی سەركەوتن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: “پشتیوانی رادەگەیەنم بۆ ناوەڕۆكی بەیاننامەكەی سەرۆك وەزیران سەبارەت بە قەیرانی ئەمڕۆ، ئاماژەی بەوەدا “ناوەڕۆکی ئەم بانگەوازە لەگەڵ دەستپێشخەریی ئێمە و بانگەوازەكانمان بۆ دیالۆگ و رێككەوتن و نەخشە رێگایەک بۆ چارەسەری قەیرانی هەنووکەیی “

داواشی له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌ و له‌ خزمه‌تی گه‌ل و ده‌وڵه‌تدا ده‌ست به‌ دیالۆگی جددی و ڕاستگۆانه‌ بكه‌ن.

لای خۆیشیەوە، عەمار حەکیم، سەرۆکی بزووتنەوەی حیکمە، پشتگیری خۆی بۆ دەستپێشخەرییەکەی کازمی ڕاگەیاند بۆ ڕێگریکردن لە لێژبوونەوەی دۆخەکە بۆ “ئەنجامی پێشبینینەکراو”

حەکیم داوای کرد لایەنەکان و هاوبەشەکانی گۆڕەپانی عێراق لەسەر مێزێکی دیالۆگ دابنیشن کە دەبێتە هۆی کۆتایی هێنان بە ئابڵوقە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە.