دەروازەی باب ئەلهەوا کردنەوەی دەرگاکانی بۆ گەڕانەوەی زیانلێکەوتوانی بومەلەرزە لە تورکیا راگەیاند
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، ئیدارەی دەروازەی سنووری باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکوری ئیدلب، کردنەوەی دەرگاکانی بۆ گەڕانەوەی ئەو هاوڵاتییە سوریانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە لە ناوچەکانی تورکیا، راگەیاند، کە خاوەنی مافی نیشتەجیبوونی کاتین لەو وڵاتە و لە ماوەی پشووی دیاریکراودا گەڕانەوە بۆ سوریا، ئێستا رێگەیان پێدەدرێت کە بگەڕێنەوە بۆ تورکیا.
شەممەی رابردوو، دەروازە سنوورییەکانی نێوان سوریا و تورکیا بەتەوای داخران بەڕووی جموجۆڵی سڤیل و بازرگانیدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆندا، ئەویش بەر لە دەستپێکردنی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا.
ئیدارەی دەروازەی باب ئەلهەوا، لە راگەێنراوێکدا کە لە روپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هاوڵاتییە سووریانەی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزە، کە لە ماوەی پشوودا گەڕابوونەوە ناوچەکانی خۆیان لە باکووری سوریا، لەمڕۆ سێشەممەوە، دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی گەڕانەوە بەپێی خشتەی کاتی چوار رۆژ دەبێت، بەپێی وادەی گەڕانەوەی کۆن، بەو پێیەی پرۆسەی گەڕانەوە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا راگیرابوو، کە رۆژی دووشەممە کۆتایی هات.
بەپێی دوایین ئامار کە لە 22ی ئایاردا لەلایەن ئیدارەی دەروازەکەوە راگەیەندرابوو، کۆی گشتی ئەو هاوڵاتییە سورییانەی لە دەوڵەتی تورکیاوە لە چوارچێوەی مۆڵەتی تەرخانکراودا گەڕاونەتەوە 23159 کەسن.
دوای ئەو بوومەلەرزەیەی مانگی شوباتی رابردوو سوریا و تورکیای گرتەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا رێگەیان بەو هاوڵاتییە سوریانەدا کە نیشتەجێی ناوچەکانی (غازی عەنتاب، کیلیس، مەراش، هاتای، عوسمانی، ئادیامان، ئورفا، دیاربەکر، مەلاتیا، ئەدەنە، ئێلازیگ)ن و هەڵگری “کارتی پاراستنی کاتین” بە گەڕانەوەیان بە مۆڵەت بۆ سوریا.
ماوەی ئەو مۆڵەتەی کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بەو هاوڵاتییانەیان دابوو، بەلایەنی کەمەوە سێ مانگ و ئەوپەڕی شەش مانگە.