لە هێڵەکانی بەرکەوتن لەگەڵ حکومەت تورکیا پێگەکانی بەهێزتر دەکات
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئەو هێزانەی تورکیا کە لە ئیدلب، باکوری رۆژئاوای سوریا بڵاوەیان پێکراوە، خاڵەکانیان لە نزیک هێڵەکانی بەرکەوتن لەگەڵ هێزەکانی حکومەتی سوریا، لە ناوچەی چیای زاویە بەهێزتر کردووە، هاوکات پێگەکانی تریشیان فراوانتر دەکەن، ئەمەش دوای چەند رۆژێک دێت لە دامەزراندنی خاڵێکی سەربازی نوێ لە ناوچەکە.
ئەم بەهێزکردنانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە پەرەسەندنی سەربازی و بۆردومانی دوولایەنە لە نێوان هەردوو لایەنی ململانێکەدا بەخۆوە دەبینێت، لەولاشەوە ناو بە ناو هێرشە ئاسمانییە پچڕپچڕەکانی ڕووسیا ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆن بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، هێزەکانی تورکیا لە کەنەسفەرە و بلیۆن و ئەلباڕە کە تەنیشت ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتن لە باشووری ئیدلب، بە دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی، لەنێویاندا تانک، کە دەیان سەربازی تورکیان هەڵگرتووە، پێگەکانیان بەهێزکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنی فراوانکردنی بنکە سەربازییەکەیان ئەنجامداوە لە گردی بلیۆنی ستراتیژی، کە دەڕوانێت بەسەر زۆربەی گوند و شارۆچکەکانی چیای زاویەدا، هەروەها چەندین تانک و تۆپی قورسیان لەسەر گردەکە جێگیرکردووە، ئەوەش دوای بەرزکردنەوەی بەربەستی خۆڵی و دانانی بلۆکی کۆنکرێتی.
ههفتهی رابردوو و سهرهتای ئهم ههفتهیه، هێزهكانی توركیا سێ بنكهی سهربازی نوێیان له نزیك گوندی سان له میحوهری رۆژهەڵاتی چیای زاوییە، دامەزراند کە کەمتر لە سێ کیلۆمەتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتەوە دوورە، بەگوێرەی هەمان سەرچاوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو سێ خاڵەی تورکیا لە ناوچەی نێوان گوندی “سان”ی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆن و شارۆچکەی دادیخی دراوسێی کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکوومەتدایە، لەناوچە باڵاکان دامەزراون کە چاودێری ڕێگای نێودەوڵەتی حەلەب – دیمەشق (M5) دەکەن .
هەروەها زیاتر لە 400 سەربازی تورکی تێدا بڵاوکردوەتەوە و لەنێویاندا گروپی کۆماندۆی تورکی بوونیان هەیە، جگە لە جێگیرکردنی تانک و موشەک هەڵگر و تۆپی قورس لەو ناوچەیەدا.