شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم بەسەردانێک گەیشتە بەغدا

هەولێر – نۆرس پرێس

شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و وەزیری نەوتی فیدڕاڵی کۆبووە، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکەش، گفتوگۆکردن بو لەبارەی ئەو دۆسێیانەی لەرابردودا دژی یەکتر تۆماریان کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، ئەمڕۆ دووشەممە شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە سەرۆکایەتیی کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەریەک لە  فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی فیدڕاڵ کوبونەوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لەبارەی کۆتاییهێنان و یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیانەیان گفتوگۆ کراوە کە لە ماوەی ڕابردوودا هەردوولا لە دژی یەکتر تۆماریان کردبوو، هەردولا ئامادەیی خۆیان بۆ پێکەوە کارکردن و چارەسەرکردنی ئەم دۆسیانە دەربڕی.

ئەوەش خراوەتەڕو، لە دیداری شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ باس لە باشترکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردولا کراوە.

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمیش، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئاشکرایکردووە، رێکارەکان تەواوبون و هەردولا هەرێم و بەغدا ئامادەبونی خۆیان بۆ زووتر دەستپێکردنەوەی هەناردنی نەوت دەربڕیوە.