هەولێر- نۆرس پرێس
ماوەی چوار رۆژە لایەنگرانی سەدر لەسەر بنەمای گوێڕایەڵی بۆ موقتەدا سەدر، لەنێو پەرلەمانی عێراقدا ماونەتەوە، خۆپێشاندانەکانی لایەنگرانی سەدر پیشانیان داوە کە پێویستە لە پێکهێنانی حکومەتدا بۆچوونەکانی ئەو پیاوە ئایینییە لەبەرچاو بگیرێن.
ئەمڕۆش وەکو ساڵانی رابردووی دوای رووخانی سەدام حوسێن، عێراق ناتوانێت ئەو پیاوە ئایینییە مڕومۆچە پشتگوێ بخات، کە رۆژانێک سەرکردایەتیی گرووپێکی چەکداری دەکرد لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و حکومەتی عێراق.
ئەبێت نهێنی بەهێزی سەدر چی بێت وا دەتوانێت بە تویتێت شەقامی عێراقی بخاتە جوڵە؟
سەدر کێیە؟
موقتەدا کوڕی خێزانێکی ئاینی و سیاسی بەهێز و دێرینی عێراقە، بنەماڵەکەیان دوو سەدەیە ناسراون و هەمیشە لەگەڵ دەسەڵات ناکۆک بوون هەر لەسەردەمی عوسمانیەکانەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ.
ئەم کوڕە مڕومۆچە، کوڕی محەمەد سادق سەدرە، کە مەرجەعی شیعەی هەژار بوو، پیاوێکی ئازا و دژە دەستەڵات بوو، باوکی موقتەدا و دوو برای ساڵی 1999 “موستەفاو مؤمل” لەلایەن بەعسەوە گولەباران کران.
موقتەدا برازای گەورە مەرجەعی شیعی “باقر سەدڕە” کەخۆی و بنت هودای خوشکی لەلایەن بەعسەوە لە1980 لەسێدارەدران.
موقتەدا سەدر یەک ژنی هەیە کە کچی باقر سەدری مامێتی.
نهێنی بەهێزییەکەی چییە؟
ماڵی موقتەدا لەشەستەکانەوە لەمەدینە سەدری بەغدا گیرساونەتەوە دوای ئەوەی لەنەجەف ئاستەنگیان بۆ دروستکرا، مەدینەی سەدر کەلە ساڵی 1958 بەناوی مەدینە سەورە لەلایەن عەبدولکەریم قاسمەوە دروستکرا، بەشێک لەنهێنی بەهێزی ئەمڕۆی موقتەدا ئاشکرا دەکات.
ساڵانی چلەکانی سەدەی بیست لەلوتکەی سیستەمی دەرەبەگایەتی کشتوکاڵی عێراقدا، شەپۆلی وشکەساڵی و سەختی ژیان، دەیان هەزار جوتیاری عەمارە و ناسریە و بەسرەی ناچار کرد کۆچبکەن بۆ دەوروبەری بەغدا.
ساڵانی پەنجاکان پشتێنەیەکی ئەستووری هەژارنشینی دەوری بەغدای دابوو، بەئومێدی دۆزینەوەی هەلی کار لەپایتەختدا و ئەمەش گرفتێکی گەورەبوو.
کاتێک شۆڕشی 14 تەمووزی 1958 ڕویدا، عەبدولکەریم قاسم ناچار بڕیاریدا زەوی و خزمەتگوزرای بۆ ئەوناوچەیە دابین بکات کەلەخۆرهەڵاتی باکوری بەغدا دەیان هەزار هەژاری گوندنشینی تێداکۆببۆوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە “نەزیهه دلێمی”ی ڕاسپارد مەدینە سەورە دروست بکەن.
باوکی موقتەدا لەشەستەکاندا لەنەجەف وەک مەرجەعێکی توند و سەرکێش دەرکەوتبوو، مەرجەعە تەقلیدیە محافزکارەکان پێی سەغڵەت بوون، ناچاریان کرد بگوزاێتەوە، ئەویش هاتە مەدینە سەدری قەرەباڵغ و هەژارنشین کەتێکڕای شیعەی باشوربوو لەکۆنە جوتیار و خەڵکانی نەخوێندەوار پێکهاتبوون.
محەمەد سادق سەدر و باقر سەدری برای تۆڕێکی خێرخوازی و کۆمەڵایەتی و ئاینیان پێکهێنا، لایەنگرێکی فراوانیان بۆ دروست بوو، بەڵام کەباقر سەدر لەسێدارەدرا، سادقی برای نوێنەرایەتی ئەویشی کرد، ساڵی 1999 ش کەسادق و دوو برا گەورەکەی موقتەدا گولەبارانکران، موقتەدا بوو بەمیراتگری هەموو خێزان و بنەماڵەو مێژووەکە، بەتایبەت کەبرای چوارهەمی “مورتەزی” فەقیرۆکە و گۆشەگیربوو.
ئەمڕۆش موقتەدا بەرێکەوت سەرکردەی پڕۆلیتاریای شیعە نیە، بەڵکوو ئەمە مێژوویەکی لە پشتە.
جگە لەوەش خاڵێکی تری بەهێزی ئەوەیە کە لە 2003 وە تائێستا ڕاستەوخۆ بەشداری حکومەتی نەکردوە، سەرباری ئەوەی چواردەورەکەی لەم بیست ساڵەدا دەیان وەزارەت و پۆستی بەهێز و پڕداهاتیان وەرگرتوە، بەڵام خۆی هیچ پۆستێکی وەرنەگرتوەو وەک ئۆپۆزسیۆن خۆی پیشانی ڕای گشتی داوە، بەپێچەوانەی رکابەرە شیعەکانیەوە “مالکی و عەبادی و عەبدولمەهدی و عەلاوی و عامری هتد” هەموویان سەرۆک وەزیران و کاربەدەستی دەوڵەت بوون و بەناوبانگن بەژیانی ئەرستۆکراتیانە لەکۆشکەکانی ناوچەی سەوز و جادریە.
موقتەدا بەوەوە نەوەستاوە کەوەک ئۆپۆزسیۆن خۆی نیشانبات، بەڵکو وای نیشانداوە کەوەک باوک و مامی زاهیدانە و سادە ئەژی، لەنێوان مەدینە سەدر و نەجەفدا لەماڵی سادەدا ئەژی و جارجار ئەو مسیوبۆشیە لانسەرە بەکارئەهێنێت کەساڵی 1999 باوکی و دووبراکەی تیا گولەباران کران و نرخەکەی لە بازاڕدا نزیکەی 5 هەزار دۆلارە.
پاشان رکابەری جەماوەریانەی موقتەدا کارێکی سەختە و کەس پێناکرێ، بەوپێیەشی کە پیاوێکی رەجعی و داخراوی ئاینیە، واباشترە بەهەمان ئەو چەکە شەڕی لەگەڵ نەکرێ کەئەو هەڵگرێتی و دەبێت وردە وردە ڕازی بکرێ و مامەڵەی لەگەڵ بکرێ.
ناجێگیری لە بڕیاردا
سەرەڕای بەهێزیەکەی و جڵەوگیریەکەی بۆ هێزی شەقام و گوێرایەڵی لایەنگرەکانی، موقتەدا بە ناجێگیری لە بڕیاری سیاسیدا ناسراوە.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار لە هەڵوێستی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە، لەوانەش لە ساڵی 2008 کاتێک کە لەپڕێکدا بڕیاریدا چالاکییەکانی سوپای مەهدی (جیش المهدي) کە 60 هەزار ئەندامی هەبوو، رابگرێت، ئەگەرچی یەکێک بوو لە گرووپە چەکدارە هەرە چالاک و ترسێنەرە شیعەکانی عێراق.
بەڵام دوای ئەوەی کە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە مانگی کانوونی دووەمی 2020 لە هێرشێکی درۆنی لە بەغدا کوژرا، سەدر بڕیاریدا دووبارە گرووپە چەکدارەکەی کە لە سەردەمی شەڕی داعشدا ناوەکەی گۆڕی بۆ سەرایا سەلام، چالاک بکاتەوە.
پارتەکەی سەدر لە دەنگدانەکەدا زۆرترین کورسیی بەدەستهێنا، بەڵام لەو کاتەوە دانوستاندنەکان نەیانتوانیوە پردێک لەنێوان سەدرییەکان و گرووپە شیعە رکاربەرەکانیدا دروست بکات.
نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و نەیاری دێرینی سەدر، لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا بەشدارە. ساڵی 2006، مالیکی بە پشتیوانیی سەدر توانیی پۆستی سەرۆکوەزیران بەدەستبهێنێت، بەڵام دواتر ئەندامانی سەر بە سەدر، لە کابینەکەی مالیکی کشانەوە.
لە ئەنجامی رێککەوتن و هاوپەیمانییەکانی رابردوودا، سەدرییەکانیش نوێنەریان لە بەرزترین ئاستەکانی وەزارەتەکانی حکومەتدا هەیە، بەڵام ئەوانیش هاوشێوەی ئەندامانی پارتەکانی دیکە، لەلایەن نەیارەکانیانەوە بە گەندەڵی تۆمەتبار دەکرێن.
بەڵام لایەنگرانی سەدر گوێ بەو تۆمەتانە نادەن و بە دڵسۆزییەوە ئامادەن شوێنی بکەون و وەکو پاڵەوانێکی شەڕی دژە گەندەڵی سەیری دەکەن.
وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی بنبەست، لە مانگی حوزەیراندا 73 پەرلەمانتارەکەی سەدر دەستیان لەکارکێشایەوە و گۆڕەپانەکەیان بۆ لایەنەکانی دیکە چۆڵکرد تاوەکو حکومەت پێکبهێنن، بەڵام ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە نەیارەکانی، کە خۆیان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا دەبیننەوە، ببنە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان.
زۆرێک پێیان وابوو ئەمە کشانەوەی سەدرە لە مەیدانی سیاسی، بەڵام ئەو جارێکی تر و وەک پیشەی هەمیشەیی پەنای بۆ لایەنگران و موتیعەکانی برد و لە یەکەم کۆبوونەوەی نوێژی هەینیدا کە ناویان لێنابوو ” هەینی ملیۆنی”، هەزارەها لایەنگری بانگهێشت کرد و ئەوانیش بەتەنگ بانگهێشتەکەیەوە هاتن، ئەوە لە کاتێکدا تەنانەت خۆشی ئامادەی نوێژەکە نەبوو، بەڵکوو نوێنەری ناردبوو بۆ خوێندنەوەی وتارەکەی.
ئێستاش لە گەرمەی ململانێ سیاسیەکانی عێراقدا، سەدر ئەوەندەی تر دۆخەکە دێنێتە کوڵ، کە لە رێگەی تویتەرەوە ستایشی چوونە ناوەوەی لایەنگرەکانی بۆ نێو پەرلەمان دەکات و بە “شۆڕشێکی خۆڕسک و هەنگاوی یەکەم” بەرەو “دەرفەتێکی ناوازە بۆ گۆڕانکارییەکی ریشەیی” ناوی دەبات.