خاوەنی بیرە ئاوەکانی گوندەواری حەسەکە بایکۆتیان رایگەیاند

حەسەکە – نۆرس پرێس

بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی و سەپاندنی باجی ساڵانە، دەیان خاوەن بیری ئاو لە گوندەواری رۆژئاوای حەسەکە لە رۆژئاوایی کوردستان لە دوێنێ یەکشەممەوە مانیان گرتووە.

عەبود عنێزی، تەمەن 52 ساڵ، کە خەڵکی گوندی حاجە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ” بەهۆی بەرزکرنەوەی نرخی سوتەمەنی و سەپاندنی باجی ساڵانە بە سەر خاوەن بیرەکاندا، بریاریدا کارپێکردنی 60 بیری ئاو لە هەردوو گوندی ئوم ماعز و حاج راگرین”.

عنێزی ئاماژە بەوەشکرد کە پێشتر سووتەمەنی بە نرخی خزمەتگوزاری 100 لیری سوری دەگەیشتە دەستیان، بەڵام ئێستا نرخەکەی بە نرخی پیشەسازییە، نرخی لیترێک گەیشتە 450  لیرە.

عبود عنێزی کە خاوەنی یەکێک لە بیرەکانی ئاوە دەلێت، “کاتێک بریاری بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی دەرچوو، ئیمەش نرخی یەک تانکەری ئاوای پاک لە 7 هەزارەوە بۆ 10 هەزار لیرە بەرزکردەوە، بۆ ئەوەی هاوتا بێت لەگەڵ نرخی سووتەمەنی نوێ.”

عنێزی گوتی:”بەڵام دواتر بەرێوبەرایەتی سوتەمەنی حەسەکە داوای 500 هەزار لیرەی سوری لە خاوەن بیرەکان کرد بەرامبەر پێدانی مۆڵەتی ساڵانە بۆ هەر بیرێک، ئەمەش وای لێکردن کارپێکردن لە بیرەکان رابگرن”.

ناوچەی ئەلحەمە سەرچاوەی سەرەکی پڕکردنەوەی ئاوی پاکە کە خاوەنی تانکەرەکان پشتی پێدەبەستن، هەروەها ناوچەی نەفاشەش دوڵەمەندە بە بیری ئاو بەڵام لە بەر ئەوەی ناوچەی نەفاشە لە ژێر کۆنترۆلی حکومەتی سوریایە، بۆیە خاوەنی تانکەرەکان کەمتر رووی لێدەکەن.

سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، راگرتنی کارەکانی بیرەکانی ناوچەی ئەلحەمە، دوخی دانیشتوانی شاری حەسەکە زیاتر قورس دەکات، کە پێشتر بەهۆی پچڕانی ئاوی حەسەکە لە لایەن چەکدارانی سەر بە تورکیا لە شاری سەرێ کانی ناچاربوون بڕە پارەیەکی زۆر بدەن بۆ کڕینی ئاو.