ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی سەدان بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەری راگەیاند

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەماوەی چوار مانگی رابردودا، 667 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکردووە و دەستیشیان بەسەر 45 کیلۆ و 80 گرام ماددەی هۆشبەر گرتووە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەپێناو سەقامگیری کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، لە رۆژی 23ی کانوونی دووەمی 2023 تا 22ی ئایای 2023 لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تر، توانرا 667 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیر بکەن کە لەو ژمارەیە 285 کەسیان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیر کراون کە ژمارەیەکیان گەورەبازرگانن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، هێزەکانیان توانیویانە دەستبگرن بەسەر 45 کیلۆ و 80 گرام ماددەی هۆشبەر کە پێکهاتوون لە (34.161 کیلۆگرام کریستاڵ، 1.5 کیلۆگرام هیرۆین، 3.960 کیلۆگرام حەشیش، 4.585 کیلۆگرام تلیاک، 374 گرام جامایکا، 500 گرام ماریجوانا)، هەروەها دەستیان گرت بەسەر 530 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کاپتاگۆن و 2774 شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ و 70 کیلۆگرام دەرمانچای کە تێکەڵ کراوە بە ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆین.

ئەوەشیخستۆتەڕو، لەئێستادا سەرجەم تۆمەتبارانی دەستگیرکراو پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراون.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم داوا لە هاوڵاتیان دەکات، کە خۆیان بەدوربگرن لە بەکارهێنانی ئەم جۆرە ماددانە، هاوکار و هەماهەنگیی دەزگا ئەمنییەکان بکەن لە هەر زانیارییەک لەبارەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان.